سودانی لەگەڵ کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق کۆبووەوە

هەولێر – نۆرس پرێس

دوێنێ پێنجشەممە، سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیعاع سودانی، بۆ ئامادەکاری ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پارێزگاکان، لەگەڵ سەرۆک و ئەندامانی ئەنجومەنی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کۆبووەوە. 

نوسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەێنراوێکدا لە پێگەی فەرمی خۆی ئەوەی ئاشکرا کرد کە، محەمەد شیعاع سودانی، کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە گفتوگۆکردن لەسەر ئامادەکارییەکان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پارێزگاکانی، بە ئامادەبوونی سەرۆک و ئەندامانی ئەنجومەنی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رێکخستووە.

لە راگەێنراوەکەدا هاتووە کە، “سەرۆکوەزیران ، لە میانی کۆبوونەوەکەدا جەختی لەوە کردەوە  کە حکومەت بەردەوام دەبێت لە پێشکەشکردنی هەموو پشتگیرییەک بۆ کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان؛ بۆ ئەوەی لە ئەرکەکەیدا سەرکەوتوو بێت بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پارێزگاکان.”

سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەداوە کە “سەرکەوتنی کۆمسیۆن لە رێکخستنی هەڵبژاردنەکاندا بەشێکە لە پلاتفۆرمی وەزاری و بەرنامەی حکومەت، بە جێبەجێکردن و پابەندبوونە بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان لەکاتی خۆیدا.”

هەروەک رێنمایی کۆمسیۆنی کردووە کە “پابەند بێت بە بێلایەنی لە ئەنجامدانی کارەکانیدا و دەستوەردانی هەر لایەنێک بە هەر شێوەیەک بێت، رەت بکاتەوە”  ئەمەش بە مەبەستی پاراستنی شەفافیەتی پرۆسەی هەڵبژاردن و متمانەی هاووڵاتیان بە دەرئەنجامەکانی.