بەشار ئەسەد گەیشتە شاری جەددەی پایتەختی سعودیە بۆ بەشداریکردن لە لوتکەی عەرەبی

دیمەشق – نۆرس پرێس

بەشار ئەسەد، سەرۆککۆماری سوریا ئەمڕۆ پێنجشەممە،18ی ئایاری 2023، گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی شا عەبدولعەزیز لە شاری جەددەی پایتەختی سعودیە، بۆ بەشداریکردن لە 32ەمین دانیشتنی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی کۆمکاری عەرەبی لەسەر ئاستی لوتکە.

لە دوێنێوە، چوارشەممە، فەیسەڵ میقداد، وەزیری دەرەوەی سوریا، بەشداریکردنی ئەسەدی لە لوتکەی عەرەبی لە شاری جەددەی پایتەختی سعودیە پشتڕاستکردەوە، کە سبەینێ هەینی بەڕێوەدەچێت.

لە 10ی ئایاردا، ئەسەد بانگهێشتنامەیەکی لە شا سەلمان بن عەبدولعەزیز ئال سعود، شای شانشینی سعودیە وەرگرت بۆ بەشداریکردن لە لوتکەکەدا، بانگهێشتنامەکەش لەلایەن باڵیۆز نایف ئەلسودەیری، باڵیۆزی سعودیە لە ئوردن گەیەنرایە ئەسەد.

لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە سەرۆک و سەرکردە و پاشاکانی وڵاتانی عەرەبی روویان لە شاری جەددە کردووە بۆ بەشداریکردن لە لوتکەی عەرەبی کە بڕیارە سبەینێ بەڕێوەبچێت و پێش ئەوەش کۆمەڵێک کۆبوونەوەی ئامادەکاری بۆ ئەم لوتکەیە ئەنجامدرا کە دوا کۆبوونەوەیان دوێنێ، چوارشەممە، لەسەر ئاستی وەزیرانی دەرەوەی عەرەب بوو.