لە سلێمانی دەست بەسەر زیاتر لە 120 کیلۆ ماددەی هۆشبەردا گیرا

سلێمانی – نۆرس پرێس

ئێوارەی دوێنێ، دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە روپەڕی تایبەتی خۆیان لە فەیسبووک، دەستبەسەرداگرتنی زیاتر لە 120 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەریان راگەیاند.

ئاسایشی شاری سلێمانی لە هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، کە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی لە چەند هەڵمەتێکی جیاوازدا دەستیگرت بەسەر بڕی ( 120,600 ) سەد و بیست کیلۆ و شەش سەد گرام ماددەی هۆشبەر و دوو بازرگانی ماددەی هۆشبەریشیان دەستگیرکرد.

لە هەمان راگەێنراودا هاتووە “لەئەنجامی هەڵمەتە بەردەوامەکانی دەزگای ئاسایش بۆ دەستگیرکردنی بازرگانانی ماددەی هۆشبەر و بنبڕکردنی ئەو ماددانە کە دەبنە هۆی زیان گەیاندن بە کۆمەڵگا و ئابوری ووڵات و لە پێناو هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیان لە مەترسی و کاریگەرییە خراپەکانی ئەو ماددانە، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی / ناوشار بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی ماددە هۆشبەرەکان ، لە سێ هەڵمەتی جیا لە چەند رۆژی رابردوودا لەناو شاری سلێمانی و دەوروبەری توانیان دوو تۆمەتباری بازرگانی ماددەی هۆشبەر دەستگیربکەن”

ئاماژەشیان بە تۆمەتبارەکان کردووە، بە ناوەکانی ( خ ، م ، م ) و ( أ ، م ، أ ) کە دانیشتوی هەرێمی کوردستانن و مەبەستیان بووە سەرجەم ماددە هۆشبەرەکان لە ناوەوە و دەرەوەی هەرێمی کوردستان ساغبکەنەوە.

ئاسایشی پارێزگای سلێمانی راشیگەیاند، “لەسەر فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، تۆمەتباران بە ماددەی 26  لە یاسای بەرەنگاربونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە ئەقڵیەکان راگیراون و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانیان بەردەوامە.”