سزای هەشت جار زیندانی هەتاهەتایی و 260 ساڵ زیندانی بۆ ئەنجامدەری هێرشەکەی نیۆرک دەکرا
دیمەشق – نۆرس پرێس
دادگایەک لە ئەمەریکا سزای هەشت جار زیندانی هەتاهەتایی لەسەریەک و 260 ساڵ زیندانی بەسەر ئەو ئەندامەی داعشدا سەپاند کە لە ساڵی 2017دا هێرشێکی کوشندەی لە شاری نیویۆرک ئەنجامدا.
‘سیڤۆلۆ سایپۆڤ’ هەشت جار سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێندرا، لەبەرامبەر گیانی ئەو هەشت قوربانییەی کە لە هێرشەکەی نیویۆرکدا گیانیان کوژران، ئەمە جگە لەوەی سزای 260 ساڵ زیندانیکردن لەسەریەک و هاوکات دوو سزای هەتاهەتایی دیکەی بەسەردا سەپێندرا.
سایپۆڤ، کە بەڕەچەڵەک ئۆزبەکستانییە، لە 31ی تشرینی یەکەمی 2017دا بە هێرشێکی “تیرۆریستی” سزا دراوە، کاتێک بارهەڵگرێکی بەکارهێناوە بۆ کوشتنی هەشت کەس و بریندارکردنی دەیان کەسی دیکە لەسەر رێڕەوێکی پاسکیل لە مانهاتن لە نیویۆرک.
ئەو سزایانە لەلایەن دادوەری ناوچەی فیدراڵی ڤێرنۆن برۆدریک لە دادگای نیویۆرک پشتڕاستکراونەتەوە.
سایپۆڤ پێش ئەوەی بڕیارەکەی بۆ دەربچێت، نزیکەی کاتژمێرێک لەڕێگەی وەرگێڕێکەوە بە زمانی ئۆزبەکستانی قسەی لەسەر مێژووی ئیسلام کرد و پاساوی بۆ کارەکانی هێنایەوە، هیچ نیشانەیەکی پەشیمانیشی پیشان نەدا.
سایپۆڤ لە هۆڵی دادگا وتی: “رەنگە فرمێسکی کەسوکاری قوربانییەکان، بە یەک دەستکێش بسڕدرێتەوە، لە کاتێکدا هۆڵی دادگا پڕ دەبێت لە فرمێسک و خوێنی موسڵمانان”.
دادوەر برۆدریک دەڵێت: “هەڵسوکەوتەکان لەم دۆسیەدا ئەگەر خراپترینیش نەبێت لە خراپترینەکانە کە تا ئێستا بینیومە، لەڕووی کاریگەرییەکانی لەسەر قوربانییەکان و سروشتی تەواو بێ پەشیمانی تۆمەتبارەکە”.
ئەو هێرشەی ئەندامەکەی داعش کە قوربانییەکانی هەشت گیانلەدەستدان و زیاتر لە دەیان بریندار بوون، بە کوشندەترین هێرش دەژمێردرێت لە شاری نیویۆرک لە دوای 11ی ئەیلوولی 2001ەوە.