حکومەتی هەرێمی کوردستان پڕۆژەی وێستگەیەکی بەرهەمهێنانی کارەبا بە وزەی خۆری راگەیاند

هەولێر – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ پێنجشەممە، حکومەتی هەرێمی کوردستان، دروستکردنی وێستگەیەکی نوێی بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا بە وزەی خۆر راگەیاند.

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ماڵپەڕی تایبەتی خۆی و لە زاری وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەڵێت: “دەبێتە گەورەترین وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا بە وزەی خۆر لە هەرێمی کوردستان و عێراق”.

بە گوێرەی راگەێنراوەکە، توانای بەرهەمهێنانی ئەو وێستگەیە، 25 مێگاوات کارەبایە و ژمارەیەکی زۆر پەنەڵ لەخۆ دەگرێت و دەکەوێتە “گوندی منارە”ی دەوروبەری شاری هەولێری پایتەختەوە.

حکومەتی هەرێم دەڵێ:” وێستگەکە ژینگەدۆستە و ئەو کارەبایەی بەرهەمیدەهێنێت بە تۆڕی کارەبای نیشتمانی دەبەسترێتەوە.”

بە گوێرەی راگەێنراوەکە، گوژمەی پڕۆژەکە 100 ملیۆن دۆلارە و لەسەر رووبەرەی 590  دۆنم زەویی  و لەماوەی ساڵێکدا کارەکانی تەواو دەکرێت و هەوڵدەدەن بەزوویی دروستبکرێت.

لە ئێستادا %20 بۆ %30ـی بەرهەمهێنانی کارەبای هەرێمی کوردستان لە وزەی خۆرەوەیە و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەیەوێت رێژەکەی بەرزتر بکاتەوە و بۆ ئەو مەبەستەش پڕۆژەی هاوشێوە جێبەجێ دەکات.

هەر بە گوێرەی راگەێنراوەکە، لە هەرێمی کوردستان، “دوو وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبای بەخۆر هەیە”، کە توانای بەرهەمهێنانی 3 مێگاوات کارەبایان هەیە، ئەمەش لەکاتێکدایە کە حکومەت بڕیاریداوە وێستەگەیەکی بەرهەمهێانی کارەبا “بە گوژمەی 235 ملیار دینار و توانای بەرهەمهێنانی 100 مێگاوات کارەبا” لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دروست بکات.