ژووری پیشەسازی رەققە: داخستنی دەروازەی فیشخاپور-سێمالکا کاریگەری گەورەی لەسەر ئابووری ناوچەکە دەبێت
رەققە – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەرپرسێکی ژووری پیشەسازی رەققە رایگەیاند، داخستنی دەروازەی فیشخاپور-سێمالکا کاریگەری لەسەر ئابووری ناوچەکە دروستکردووە، هەروەها قەیرانی ئابووری و کەمی کەرەستەی لێکەوتووەتەوە، بەو پێیەی دەروازەی سەرەکییەکە بۆ ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان و باکووری سوریا.
پێنجشەممەی رابردوو، ئیدارەی دەروازەی فیشخاپور لە هەرێمی کوردستانی عێراق، بەرامبەر دەروازەی سێمالکا لە رۆژئاوای کوردستان، تا ئاگادارکردنەوەیەکی دیکە دەروازەکەیان داخست ، سەرەڕای هەوڵەکانی نێوەندگیری ئەمریکا، هێشتا دەروازەکە بەداخراوی ماوەتەوە.
فاتیمە حەمدان، هاوسەرۆکی ژووری پیشەسازی لە رەققە، گوتی: داخستنی دەروازەی سێمالکا “بە شێوەیەکی بەرچاو” کاریگەری لەسەر ئابووری ناوچەکە هەبووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، داخستنی دەروازەکە قەیرانێکی ئابووری و مرۆیی لێکەوتووەتەوە، هەروەها بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخەکان و کەمی خۆراک و پێداویستی لۆجستی و پزیشکی و کەرەستەی بیناسازی وەک ئاسن و چیمەنتۆ و ئەوانی دیکە، بە گوتەی ئەو.
داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و رێکخراوە مرۆییەکان کرد دەستوەردان لەگەڵ بڕیاردەرەکان بکەن بۆ کردنەوەی ئەو دەروازەیە.