وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا: ناکرێت کۆمکاری عەرەبی چاوپۆشی لە دڕندەیی بەشار ئەسەد بکات

هەولێر- نۆرس پرێس

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاند، ناکرێت کۆمکاری عەرەبی چاوپۆشی لە دڕندەیی بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریا بکات دوای گەڕانەوەی سوریا بۆ ناو کۆمکاری عەرەبی.

ئەمڕۆ چوارشەممە ئانالینا بیربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لەگەڵ سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر لە پایتەختی ئەو وڵاتە کۆبووە و رایگەیاند، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چەندین بڕیاریداوە کە تێیدا بە ڕوونی ئەوەی خستووەتەڕوو کە دڕندەیی بەشار ئەسەد، سەرۆکی سوریا بەرامبەر بە گەلەکەی ناتوانرێت بشاردرێتەوە و پشتگوێ بخرێت.

کۆمکاری عەرەبی لەم دواییانەدا بڕیاریدا کە سوریا بۆ ناو ئەو ڕێکخراوە بگەڕێنێنەوە کە نزیکەی 20 ئەندام لەخۆدەگرێت، ئەوەش وەک هەنگاوێک بۆ گەڕانەوەی وڵاتەکە بۆ نێو کۆبونەوەکانی وڵاتان و ئاساییکردنەوەی پەیوەندیە دیپلۆماسییەکان، دوای ئەوەی ئەسەد بەهۆی سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆ لە وڵاتەکەی لە ساڵی 2011 گۆشەگیرکرابوو.

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا کە سەر بە پارتی سەوزە، پێی وایە کە نابێت کاریگەری ئاساییکردنەوە بەبێ “هەنگاوی پێویست لە پێناو گەل لە سوریا” بدرێت، هەروەها ئاماژەی بە پێویستی پەیڕەوکردنی ڕێبازی “هەنگاو بە هەنگاو” کرد.

ڕاپۆرتە میدیاییەکان رایانگەیاندووە، کە گەڕانەوەی سوریا بۆ کۆمکاری عەرەبی پەیوەستە بە زۆر مەرجەوە، لەوانە پابەندبونی حکومەتی سوریا بە ڕێگەدان بە گەڕانەوەی ئاوارەکان، هاتنە ناوەوەی هاوکارییە مرۆییەکان لەودیوی سنورەوە، هەروەها سنوردارکردنی قاچاغچێتی ماددەی هۆشبەر بۆ وڵاتانی دراوسێ، لە بەرامبەردا وڵاتانی عەرەبی لە ڕوی داراییەوە پاڵپشتی ئاوەدانکردنەوەی سوریا دەکەن و داوا لە وڵاتانی هاوپەیمان دەکەن کە لە سوریا بکشێنەوە.

لە لایەکی دیکەدا، بێربۆک ڕایگەیاند، وڵاتەکەی دەیەوێت لە ڕێگەی هاوکاری لەگەڵ قەتەر پێویستییەکانی وزە دەستەبەر بکات، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ شێخ محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی وتی، ئەمڕۆ دابینکردنی غازی سروشتی شل لە قەتەرەوە بۆ ئەڵمانیا یارمەتیدەرمان دەبێت بۆ هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی وزە لە ئەڵمانیا، ئێمە سەقامگیریمان دەوێت لە دابینکردنی وزە لە ڕێگەی پەیوەندی لەگەڵ قەتەر.