دووەمین پێشانگای کتێبی کوردی لە قامشلۆ کۆتاییهات، رێژەی سەردانکردن زۆر کەم بوو

قامیشلۆ – نۆرس پرێس

چالاکییەکانی دووەمین پێشانگای کتێبی کوردی، لە شاری قامیشلۆی رۆژئاوایی کوردستان کە سێ رۆژ بەردەوام بوو، ئەمرۆ چوارشەممە کۆتایی هات، سەرپەرشتیارانیش دەلێن ژمارەی سەردانکەران زۆر کەم بووە.

رۆژی دووشەممەی رابڕدوو 15ی ئایاری2023 دووەمین پێشانگای کتێبی کوردی لە شاری قامیشلۆ کرایەوە.

پێشانگاکە لەلایەن “دەستەی رۆشنبیری و هونەری” لە بەڕێوبەرایەتی خۆسەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا رێکخراوبوو، 12 هەزار و 140 کتێبی لە ژێر سێ هەزار و 35 ناونیشاندا لەخۆگرتبوو.

عەبدولمەجید خەلەف، ئەندامی لیژنەی ئامادەکاری پێشانگای کتێبی کوردی بە نۆرس پرێسی راگەیاند، “بەهۆی گرانی نرخەکان رێژەی سەردانکردن و کڕینی کتێب کەم بوو”.

باسی لەوەش کرد، ناوەرۆکی کتێبەکان تایبەت بوون بە زمانەوانی، کولتووری، فیکری، ژینگەیی، مێژوویی، ئەدەبی، فەلسەفی، کتێبی پەیوەندیدار بە ژنان و کتێبی ئایینی.

بە گوتەی خەلەف، کتێبەکان بە زمانی کوردی، بە شێوەزاری کرمانجی و زازاکی و سۆرانی نمایش کران، کە بریتی بوون لە چیرۆکی شیعر، ئەدەبی، فیکری، کولتووری، مێژوویی و فەلسەفی، هەروەها کتێبی وشەسازی، جگە لە کتێبەکانی پەیوەست بە منداڵان.

سەبارەت بە گرانی نرخەکان، ئەندامی لیژنەی ئامادەکاری پێشانگای گوتی: ” گرانی نرخ دەگەڕێتەوە بۆ بەرزی کوالیتی کتێبەکان، “چونکە بەشێک لە کتێبەکان کتێبی وەرگێراوبوون وبەشێکی دیکە کە مافی چاپکردن و بڵاوکردنەوەیان هەیە”.

عەبدولمەجید خەلەف، بەهۆی ئەوەی لە رابردوودا زمانی کوردی قەدەغەکرابوو، ئەمەش کاریگەری زۆری لەسەر حەز و فێربوون بە باشی هەبووە، هەر بۆیەش خوێنەری زمانی کوردی کەمە”.

ئاماژەی بەوەدا کە ئامانجی پێشانگاکە “هاندان و پێشخستنی کولتوری خوێندنەوەیە بە زمانی کوردی”