کڵیچدارئۆغڵو هێرش دەکاتە سەر ئەردۆغان و بە سەرکردە و شوێنکەوتووی ڕووسیا وەسف دەکات
دیمەشق – نۆرس پرێس
رۆژی چوارشەممە، کەمال کڵیچدارئۆغڵو کاندیدی سەرۆکایەتی تورکیا لە قۆناغی دووەمی هەڵبژاردنەکاندا هێرشی کردە سەر رەجەب تەیب ئەردۆغان و بە سەرکردەیەکی درۆزن و شوێنکەوتووی ڕووسیای وەسف کرد.
ئەم هێرشە لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا هاتووە کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویکردووەتەوە، کڵیچدارئۆغڵو ڕایگەیاندووە، وڵات بۆ ئەو کەسانە بەجێناهێڵێت کە پلانیان هەیە ڕێگە بە 10 ملیۆن کۆچبەری نایاسایی بدەن بچنە ناو تورکیا و ڕەنگە سبەینێ ئەم ژمارەیە بەرزبێتەوە بۆ 30 ملیۆن، ئەمەش هەڕەشەیە بۆ سەر تورکیا.
ئاماژەی بەوەشکرد، کۆچبەرانی نایاسایی بە شێوەیەکی نەرێنی و بێڕێزی سەیری ژنانی تورکیا دەکەن.
داواشی لە دەنگدەران کرد کە دەنگی پێ بدەن بۆ وەستاندنی کۆچبەرانی نایاسایی بۆ ناو تورکیا و تورکیاش بەجێناهێڵێت بۆ سەرکردەیەکی درۆزن کە مڵکەچی ڕووسیایە
دیمیتری بیسکۆڤ، وتەبێژی کرێملین، لەبارەی تۆمەتەکانی کڵیچدارئۆغڵو بە دەستوەردانی ڕووسیا لە هەڵبژاردنەکاندا، لێدوانی دا کە مۆسکۆ دەستوەردان لە سیاسەتی ناوخۆیی و پرۆسەی هەڵبژاردنی وڵاتاندا ناکات.
هاوکات ئەردۆغان وەڵامی تۆمەتەکانی کڵیچدارئۆغڵو سەرۆکی ئۆپۆزسیۆنی تورکیای دایەوە کە “پێویستە شەرم لە لێدوانەکانی بکات سەبارەت بەوەی کە گوایە ڕووسیا دەستێوەردانی لە هەڵبژاردنەکانی تورکیادا کردووە.
رۆژی یەکشەممە 14 ئایار هەڵبژاردنی پەرلەمانی و سەرۆکایەتی لە تورکیا بەڕێوەچوو و بە بەدەستهێنانی 49.51% دەنگەکانی ئەردۆغان کۆتایی هات، هاوکات کەمال کڵیچدارئۆغڵوی ڕکابەرەکەی 44.88% دەنگەکانی بەدەستهێناوە، بەجۆرێک لێژنەی باڵا ڕۆژێک دوای هەڵبژاردنەکانی تورکیا ڕایگەیاند، کە خولی دووەمی هەڵبژاردنەکانی تورکیا لە رۆژی 28 ئایاردا ئەنجام بدرێت.