بەشداری سوریا، وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەبی کۆبوونەوە

دیمەشق – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ چوارشەممە، 17ی ئایاری 2023، بە بەشداری سوریا، کۆبوونەوەی ئامادەکاری وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەبی بۆ کارەکانی لوتکەی عەرەبی، کە بڕیارە رۆژی هەینی لە شاری جەددەی پایتەختی سعودیە بەڕێوەبچێت، دەستیپێکرد.

ئاژانسی فەرمی سوریا “سانا” بڵاویکردەوە، وەزیری دەرەوەی جەزائیر، ئەحمەد عەتاف، لە میانی دیدارەکەدا، گوتی: “کۆبوونەوەکەمان ئەمڕۆ لە هەلومەرجێکی تایبەتی ناوچەیی و پێشهاتە خێراکانی نێودەوڵەتیدا بەڕێوەدەچێت کە پێویستی بە کارکردنی بەردەوام هەیە بۆ یەکخستنەوەی ریزەکانمان و یەکخستنی قسەکەمان بۆ ئەوەی بەسەر بەربەست و ئاڵنگارییەکاندا زاڵ بین”.

بەگوێرەی هەواڵەکەی سانا، ئەحمەد عەتاف گوتوویەتی، جەزائیر پێشوازی لە دەستپێکردنەوەی بەشداریکردنی سوریا لە کۆبوونەوەکانی کۆمکاری عەرەبی دەکات، ئەمەش رەنگدانەوەی ئەرێنی لەسەر بەهێزکردنی کارکردنی هاوبەشی عەرەبی هەیە.

لەلایەنی خۆیەوە شازادە فەیسەڵ بن فەرحان ئەلسعود، وەزیری دەرەوەی سعودیە رایگەیاند: پێشوازی لە بەشداریکردنی سوریا دەکەم لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆمان و دەستپێکردنەوەی بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەکانی کۆمکاری عەرەبیدا.

لە بەرامبەردا ئەمینداری گشتی کۆمکاری دەوڵەتانی عەرەبی، ئەحمەد ئەبوغەیت، گوتی:” هیوادارین گەڕانەوەی نوێنەرایەتی ببێتە هۆکارێک بۆ کۆتاهێنان بە قەیرانی ئەو وڵاتە.”

بڕیارە رۆژی هەینی، 19/5/2023 لە شاری جەددەی پایتەختی سعودیە کۆبوونەوەی کۆمکاری عەرەبی بە شداری سەرۆکەکانی وڵاتانی عەرەبی بەڕێوەبچێت، تاوەکو ئێستاش دیمەشق بە فەرمی بەشدایکردنی سەرۆکی بەشار ئەسەد لە کۆبوونەوەکەدا ئاشکرا نەکردووە.