داواکاری نێونەتەوەیی بۆ هێوکردنەوەی بارودۆخی پڕململانێی عێراق
هەولێر – نۆرس پرێس
سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس رایگەیاند، “بە نیگەرانییەوە بەدواداچوون بۆ خۆپیشاندانە بەردەوامەکانی عێراق دەکات، کە بووەتە هۆی برینداربوونی ژمارەیەکی زۆر کەس”، لە کاتێکدا داتاکان هێشتا ئاماژەن بۆ بەردەوامبوونی پەرەسەندنی نێوان دوو لایەنی شیعە کە لە ململانێی سیاسیدا لایەنگرەکانیان بەکاردەهێنن.
سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەیاننامەیەکدا کە درەنگانی ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە بڵاویکردەوە، بانگەوازی بۆ هەموو لایەن پەیوەندیدارەکان ناردووە “هەنگاوی خێرا بنێن بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە و دوورکەوتنەوە لە توندوتیژی زیاتر و دەستەبەرکردنی پاراستنی خۆپیشاندەرانی ئاشتیخواز و دامەزراوەکانی دەوڵەت”.
بۆ جاری دووەم لە ماوەی کەمتر لە هەفتەیەکدا، خۆپیشاندەران کە لایەنگرانی رەوتی سەدرین هەڵیانکوتایە سەر باڵەخانەی پەرلەمان لە بەغدا و ناوچەی سەوزیان بڕی کە بە سەلامەتترین ناوچە دادەنرێت و بارەگای دیپلۆماسی پلە باڵای تێدایە.
میدیا ناوخۆییەکان رایانگەیاند، لە کاتی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان خۆپیشاندەران و پیاوە ئەمنییەکان زیاتر لە 100 کەس برینداربوون کە زۆربەیان برینەکەیان سوکە، لە کاتێکدا ئاماژە بەوە کراوە کە هێزە ئەمنییەکان لە پەرلەمان رێوشوێنی توندوتیژیان نەگرتووەتەبەر، “ئەمەش کارئاسانی بۆ پرۆسەی هەڵکوتانە سەر پەرلەمان کرد”
گۆتێرێس ئاماژەی بەوەدا کە “ئازادی ڕادەربڕین و کۆبوونەوەی ئاشتیانە مافێکی بنەڕەتین کە دەبێت لە هەموو کاتێکدا ڕێزیان لێ بگیرێت”.
لە راگەینراوەکەی سکرتێری گشتی دا داوا لە هەموو لایەنەکان و ئەکتەرە سیاسیەکان کراوە کە لە بەسەر ناکۆکییەکانیاندا زاڵبن و لەڕێگەی دیالۆگی ئاشتیانە و گشتگیرەوە حکومەتێکی نیشتمانی کاریگەر پێکبهێنن، کە بتوانێت داواکارییە درێژخایەنەکانی چاکسازی جێبەجێ بکات، بەبێ دواکەوتنی زیاتر.
ئەم ناڕەزایەتیانەی لایەنگرانی موقتەدا سەدر، لە لایەن پیاوی ئایینی دیاری عێراق، سەرکردەی بزووتنەوەی سەدریەوە لە گۆڕەپانی سیاسی، سەرکردایەتی دەکرێت، کە فراکسیۆنەکەی لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوودا زۆرینەی کورسییەکانی بەدەستهێنا، پێش ئەوەی لە کۆتایی مانگی حوزەیران لە پەرلەمان بکشێتەوە و گۆڕەپانەکە بۆ “چوارچێوەی هەماهەنگی”بەجێبهێڵێت.
ململانێکان لە نێوان “ڕەوتی سەدر”دا ، کە ڕایانگەیاند لە پرۆسەی سیاسی کشاوەتەوە، لە هەمان کاتدا لە ڕێگەی جەماوەری خۆپێشاندەرەکەیەوە بەردەوامە لە دەستێوەردانەکان، لەگەڵ “چوارچێوەی هەماهەنگی”، کە دەیەوێت حکومەتێکی تەوافوق پێکبهێنێت و ڕووبەڕووی ناڕەزایەتییەکانی یەکەمیان دەبێتەوە ، چڕتر بووەوە.
لە وەڵامی ناڕەزایەتییەکانی سەدرییەکان، چوارچێوەی هەماهەنگی داوای لە ئامادەبووانی کرد کە خۆپیشاندان ڕێکبخەن بۆ پاراستنی “شەرعیەت”ی ئەو کەسانەی کە بە “پێشێلکاری یاسا” وەسفیان کردووە، بە ئاماژەکردن بەو بزووتنەوەیە ڕکابەرەی کە هەڵیانکوتایە سەر پەرلەمان.
ئەم هەنگاوە (دژە ناڕەزایەتییەکان) نیگەرانی چاودێران دەوروژێنێت کە پرۆسەیەکە بۆ بەشداریکردنی جەماوەر لە ململانێیەکی سیاسیدا کە ڕەنگە پەرەبسێنێت و ببێتە پریشکێکی شەڕی ناوخۆ تا کۆنتڕۆڵی پەرەسەندنەکە نەکرێت.
ئەستەمە پێشبینی ئەوە بکرێت کە بارودۆخی ئەو وڵاتە فرەڕەنگە نەتەوەییە چی بەسەر دێت، لەگەڵ قسەکردن لەسەر چەند سیناریۆیەک، لەوانە دووبارە هەڵبژاردنەوە ئەگەر لایەنە سیاسییەکان نەگەنە کۆدەنگی لەسەر پێکهێنانی حکومەت، لە کاتێکدا هۆشداری دەردرێت لە هەڵگیرسانی ململانێی شیعە-شیعە، بەتایبەتی لە سۆشیال میدیادا.
ههروهها چوارشهممهی رابردووش لایهنگرانی رهوتی سهدری له خۆپیشاندانێكدا چوونهدهرهوه و پهرلهمانی عێراقیان كرده ئامانج، ئەمەش پهیامێك بوو بۆ چوارچێوهی ههماههنگی له وهڵامی پابهندبوونیان به كاندیدهكهیان بۆ سهرۆك وهزیران، محهمهد شیاع سودانی.
لەم دوایانەدا عێراق داخرانێکی سیاسی و تێکچوونی دانیشتنەکانی پەرلەمان بەخۆوە دەبینێت، ئەویش دوای نزیکەی دە مانگ لە هەڵبژاردنی یاسادانان بەبێ کۆدەنگی لەسەر پێکهێنانی حکومەت.
دوێنێ شەممە، نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق داوای راگرتنی پەرەسەندنی “لەڕادەبەدەر نیگەرانکەر”یان کرد.
لە بەیاننامەیەکدا دەڵێن: “دەنگی عەقڵ و حیکمەت زۆر گرنگە بۆ ڕێگریکردن لە توندوتیژی زیاتر و هاندانی هەموو لایەنەکان بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژی لە بەرژەوەندی هەموو عێراقییەکان”.
دوێنێ لە وێنە و ڤیدیۆکاندا دەرکەوت کە خۆپیشاندەران هەڵیانکوتایە سەر هۆڵی پەرلەمان و دواتر لەسەر کورسییەکانی پەرلەمان و سەکۆی سەرۆکایەتی دانیشتن و وێنەی سەرۆکی رەوتی سەدرییان بەرزکردەوە.
خۆپیشاندەران بڕیاری مانگرتنی کراوەیاندا لەناو ئەنجوومەنی نوێنەران ، ئەمەش دانیشتنی پەرلەمان تێکدەدات، کە تا ئێستاش لە هەوڵدایە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی کۆمار و پێشکەشکردنی کاندیدێک بۆ سەرۆکایەتی حکومەتە.