رۆژێک بەر لە لوتکەی عەرەبی.. گوتووێژی دوو قۆڵی ئەسەد و پاشای سعودییە
قامشلۆ – نۆرس پرێس
بەگوتەی میدیاکانی رووسیا، بەشار ئەسەد، سەرۆککۆماری سوریا رۆژێک پێش کۆبوونەوەی لوتکەی عەرەبی، واتا هەینی داهاتوو، دەگاتە سعودییە و گوتووێژی دوو قۆڵی لەگەڵ پاشای سعودیە ئەنجام دەدات.
دوو رۆژی دیکە، ئەسەد دوای 12 ساڵ بۆ یەکەمجار بەشداری لە لوتکەی عەرەبیدا دەکات ، دوای ئەوەی کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی بڕیاریدا رێگە بە دیمەشق بدات بگەڕێتەوە سەر کورسییەکەی خۆی لە 7ی ئایاردا.
ئاژانسی “تاس”ی رووسی لە زاری سەرچاوە دیپلۆماسییەکانی ریاز و دیمەشقەوە بڵاویکردەوە، ‘بەشار ئەسەد’، سەرۆککۆماری سوریا سبەی پێنجشەممە بە فەرمی سەردانی سعودیە دەکات و لەگەڵ ‘محەمەد بن سەلمان ئال سعود’، شازادەی جێنشینی سعودیە کۆدەبێتەوە، دواتر بەرەو کۆشکی شاهانە بۆ دیداری ‘شا سەلمان بن عەبدولعەزیز ئال سعود’ دەڕوات.
ئاژانسەکە ئاماژەی بە ئەگەری ئەوە کرد کە ‘محەمەد بن زاید ئال نەهیان’ سەرۆکی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبیش بەشداری دانوستانەکانی سوریا و سعودییە بکات.
دانوستانەکانی نێوان دیمەشق و ریاز کە رۆژێک پێش لوتکەکە بەڕێوەدەچێت، وەک پێشەکییەک دێت بۆ ئەوەی لە لوتکەکەی جەدەدا لەسەر پرسی سوریا سەرنجی دەخرێتەسەر.