ئەمریکا.. پڕۆژەیاسای دژ بە ئاساییکردنەوە لەگەڵ دیمەشق دەچێتە قۆناغی پەسەندکردنەوە
دیمەشق – نۆرس پرێس
لیژنەی دەرەوە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا پڕۆژەیاسایەکی بۆ دژایەتی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ دیمەشق پەسەند کرد، بەم شێوەیە قۆناغی یەکەمی تێپەڕاند و دواتر پێکەوە دەخرێتە کارنامەی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پیران و نووسینگەی سەرۆک بایدنەوە.
“هاوپەیمانی بۆ پشتیوانی لە سوریا”، کە چەند رێکخراوێکی ئەمریکین و پشتیوانی لە سیاسەتەکانی چاکسازی دیموکراسی و مافی مرۆڤ و دادپەروەری دەکەن لە سوریا ، رایگەیاند کە لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا دوێنێ سێشەممە رەشنووسی “پرۆژەی دژایەتیکردنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ رژێمی ئەسەد بۆ ساڵی 2023” پەسەند کرد ، ئەمەش پاش چەند رۆژێک دێت لە دانانی ئەو یاسایە.
ئەم هەنگاوە سێ رێکاری فەرمی دیکەی بەدوای خۆیدا دەهێنێت، کە بەناو رێڕەوەکانی ئەنجومەنی نوێنەراندا تێدەپەڕێت بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت، پاشان دەنێردرێت بۆ ئەنجومەنی پیران.
دوای بەدەستهێنانی رەزامەندی زۆرینەی هەردوو ئەنجومەنەکە، پرۆژەکە دەخرێتە سەر مێزی سەرۆکی ئەمریکا جۆ بایدن بۆ پەسەندکردنی کۆتایی.
بەڵام تا ئێستا نازانرێت کەی ئەو رێوشوێنانە لە هەردوو ئەنجومەن و کۆشکی سپی جێبەجێ دەکرێن.
ئەم پڕۆژەیە لە دوای سەرهەڵدانی ئاساییکردنەوەی بەکۆمەڵی پەیوەندییەکان لە نێوان وڵاتانی عەرەبی و سوریا دێت، بە پێچەوانەی داواکانی ئەمریکا کە رەتیدەکاتەوە پەیوەندییەکانی لەگەڵ دیمەشق ئاسایی بکاتەوە و ئەو وڵاتانە سەرکۆنە دەکات کە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ دیمەشق ئاسایی دەکەنەوە بەبێ ئەوەی “رژێمی سوریا” هەنگاو بنێت بەرەو گۆڕینی رەفتارەکانی و دۆزینەوەی چارەسەرێکی سیاسی بۆ قەیرانی سوریا.
ئەم پڕۆژە یاسایە یەکێکە لە یاسا بەهێزەکانی پەیوەست بە سوریاوە، لەدوای پەسەندکردنی یاسای قەیسەر لە ساڵی 2019وە، بەو پێیەی ڕێگری لە حکومەتی ئەمریکا دەکات دان بە هەر حکومەتێکدا بنێت کە ‘بەشار ئەسەد’ سەرۆکایەتی دەکات، هەروەها سزای هەر لایەنێک دەدات کە پەیوەندییەکانی لەگەڵ رژێمەکەی ئاسایی بکاتەوە.
ئەم یاسایە ستراتیژی ساڵانە بۆ ماوەی پێنج ساڵ دادەڕێژێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ دیمەشق لەلایەن ئەو وڵاتانەی کە هەنگاویان ناوە لەم رووەوە.
هەروەها ئەوەش قەدەغە دەکات کە هەر فەرمانگەیەک یان دەزگایەکی حکومەتی فیدراڵی دان بە ئاساییبوونەوەی پەیوەندی لەگەڵ هەر حکومەتێک لە سوریا بە سەرۆکایەتی ‘ئەسەد’دا بنێت.
بەگوێرەی راگەێنراوێکی پێشووی لیژنەی کاروباری دەرەوەی ئەمریکا، یاساکە داوای پێداچوونەوەی دەستبەجێ بە سزاکانی یاسای قەیسەر و توندکردنەوەی رێکارەکان و پڕکردنەوەی هەموو ئەو کەلێنانە دەکات، کە سوودی بۆ “رژێمی سوریا” هەیە.