وەزارەتی بازرگانی: پێشبینی دەکات چوار ملیۆن تەنی گەنم لە جوتیارانی سەرتاسەری وڵاتدا وەربگیرێت
هەولێر- نۆرس پرێس
بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای بەرهەمهێنانی دانەوێڵە لە وەزارەتی بازرگانی عێراق رایگەیاند، لە ئێستادا رۆژانە بڕی 40 هەزار تەن گەنم لە جوتیاران وەردەگیرێت و پێشبینیش دەکرێت کە لەمساڵدا و لەكۆی بەرهەمی جوتیاران بڕی چوار ملیۆن تەنی گەنم وەربگیرێت.
خالید نەداوی بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای بەرهەمهێنانی دانەوێڵە لە وەزارەتی بازرگانی عێراق راگەیاند، وەرزی کڕینی گەنم لە جوتیاران لە ئێستادا بەهۆی پشتیوانی بێسنوری حکومەت و خێراپێدانی شایستە داراییەکان بە جوتیاران بووەتە پاڵنەر بۆ جوتیاران لەسەر پەرەپێدانی کاری کشتوکاڵی، پێشبینیش دەکات بڕی گەنمی وەرگیراو لەسەرتاسەری وڵاتدا بگاتە چوار ملیۆن تەن.
پێشتریش، محەمەد حەنون وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی عێراق رایگەیاند، بڕی وەرگرتنی گەنم لە جوتیاران رۆژانە دوو هێندە زیادیکردووە بە جۆرێک لە بری وەرگرتنی 20 هەزار تەن، 40 هەزار تەن گەنم وەردەگیرێت.
ئاماژەی بەوەشدا، بەهۆی ئەوەی حکومەت بە شێوەیەکی خێرا و بێ دواکەوتن شایستە داراییەکانی جوتیاران دەدات، وەرگرتنی گەنم لە جوتیاران بەشیوەیەکی ئاسایی و بێ گرفت بەڕێوەدەچێت، وتیشی، تا ئێستا سێ بڕە پارەی شایستەی جوتیاران دابەشکراوە لەو 500 ملیار دینارەی بە فەرمانی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کڕینی گەنم تەرخان کراوە.