لە رۆژئاوایی کوردستان کۆمپانیای بەکاربەری “نەورۆز” دەست دەکات بە دابەشکردنی شەکر بەسەر دوکانەکاندا

قامیشلۆ – نۆرس پرێس

کۆمپانیای بەکاربەری “نەورۆز” کە سەر بە بەڕێوبەرایەتی خۆسەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریایە، دەستیکرد بە دابەشکردنی شەکر بەسەر دوکانەکان وشوێنە بازرگانیەکاندا، ئەمەش لە کاتێکدایە کە لە دوای جەژنی رەمەزانەوە قەیرانی شەکر لە نێو بازارەکانی رۆژئاوایی کوردستان سەری هەڵدابوو.

رۆژی سێشەممە، 16ی ئایاری 2023، ئەندامێکی کارگێڕی کۆمپانیای “نەورۆز” بە نۆرس پرێسی راگەیاند، چەند ڕۆژێک پێش ئێستا لە ڕێگەی دەروازەی تایهە لە شاری مەنبەج هەزار و 400 تۆن شەکریان وەرگرتووە و ئێستاش دابەش دەکرێت بەسەر هەموو ناوچەکانی باکووری رۆژهەڵاتی سوریا.

گوتیشی، ئەگەر دەروازەی تایهە دانەخرێت ئەوە پرۆسەی دابەشکردنی شەکر بەردەوام دەبێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، دوکانەکان 4 بۆ 5 کیسە (فەردە) شەکریان پێدەدرێت، سەبارەت بە هۆڵە گەورەکان، بەپێی  پێویست پێیاندەدرێت.

دەستەی ئابووریی بەڕێوبەرایەتی خۆسەر بڕیاری ژمارە 3ی دەرکرد کە قۆرخکردنی شەکر قەدەغە دەکات و سزای قۆرخکاران دەدات، لە رێگەی غەرامەکردنیان بە 3 هێندەی بەهایی شەکرەکە.

بەگوێرەی بریاری دەستەی ئابوری رۆژئاوای کوردستان، نرخی کیسەیەکی (فەردەیەک) شەکر کە کێشی 50 کیلۆگرامە 42 دۆلار و 50  سەنت دەستنیانکراوە، بەو نرخە بە بازرگانان دەفرۆشرێت و کیلۆیەک شەکرە بە 8 هەزار و 500 لیرەی سوری دەفرۆشرێت.

بە گوتەی ئەندامێکی کارگێڕی کۆمپانیای نەورۆز “نرخی شەکر بەگوێرەی نزمی و بەرزی نرخی دۆلار دەگۆڕێت.