نرخی مریشک لە شاری حەسەکە بۆ زیاتر لە 30% دابەزینی بەخۆیەوە بینی

حەسەکە – نۆرس پرێس

لە شاری حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان، نرخی گۆشتی مریشک بە ڕێژەی زیاتر لە 30% دابەزینی بەخۆیەوە بینی، بەهۆی ئەوەی نرخەکەیان لە ماوەی رابردوودا، 18 هەزار لیرەی سوری تێپەڕاند، بەمەش ئێستاکە نرخەکە بۆ 12 هەزار لیرەی سوری دابەزی.

ئەمڕۆ سێشەممە، کەمال جەمیل ئۆسۆ، بازرگان و بەخێوکەری پەلەوەر لەو شارە بە نۆرس پرێسی راگەیاند، بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما یەکێکە لە گرنگترین هۆکارەکانی دابەزینی نرخی مریشک، سەرەڕای بەرزی نرخی دۆلار.

لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا، بەهۆی دابەزینی بەرچاوی نرخی لیرەی سووری بەرامبەر بە دراوە بیانییەکان، نرخی یەک دۆلاری ئەمریکی ئاستی 9 هەزار لیرەی سوری تێپەڕاند.

بەگوتەی ئەو بازرگانە، ئەوەی قازانج دەکات کڕیارە، بازرگان و بەخێوکەرەکەش وەک زەرەرمەند دەمێننەوە، لەئەنجامی کەمبوونەوەی نرخی مریشک، بەو پێیەی نرخی مریشک ئێستا لە نێوان 12 بۆ 13 هەزار لیرەدایە.

ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە پەلەوەر بە پێچەوانەی گۆشت یان کەلوپەلەکانی ترەوە ناتواندرێت هەڵبگیرێت بە چاوەڕوانی باشتربوونی نرخەکەی، بۆیە بازرگان و بەخێوکەری پەلەوەر ناچارن بە هەر نرخێک بیفرۆشن، هەروەها ماوەی هەڵگرتنی لە 45 ڕۆژ تێناپەڕێت.

نرخی مریشک لە شاری قامیشلۆ گەیشتە 15 هەزار و 500 لیرە، شارۆچکەی تەل تەمریش لە باکووری حەسەکە نزیکەی 15 هەزار لیرە بوو.