جێگری وەزیری دەرەوەی سوریا : گەڕانەوەی پەنابەران بەندە بە ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکانیان
دیمەشق – نۆرس پرێس
رۆژی سێشەممەی ڕابردوو، دکتۆر ئەیمەن سوسان، یاریدەدەری وەزیری دەرەوە سوریا، گەڕانەوەی پەنابەران و ئاوارەکانی سوریای بۆ وڵاتەکەیان بە ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکانیان بەستەوە.
ئەم لێدوانە رۆژنامەوانیەی سوسان، دوای کۆبوونەوەی نوێنەران و بەرپرسانی باڵا هات کە ئەمڕۆ لە شاری جددە ئەنجامدرا.
سۆسان هەروەها سەبارەت بە گەڕانەوەی ئاوارەکانی سوریا بۆ وڵاتەکەیان وتی، دەوڵەت هەموو فەرمانەکانی لێبوردن و ئاشتەوایی نیشتمانی و ڕێکارەکانی بۆ ئاسانکاری گەڕانەوەی ئاوارەکان ئەنجامداوە، بەڵام ئەو گەڕانەوەیە مەرجی هەیە، گرنگترینیان، پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە لە ناوچەکانی ئەو هاووڵاتیانە.
ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە ئەو ناوچانە ئاوەدانبکرێنەوە کە ئاوارەکان بۆی دەگەرێنەوە، هەروەها سزا و گەمارۆی ئابووری لەسەر سوریا هەلبگیرێت.
پەنابەرانی سوریا لە هەموو شوێنێک لەژێر فشاری ئەو وڵاتانەدان کە تێیدا نیشتەجێن، هاوکات کۆمکاری عەرەبیش فشار دەخاتە سەر گەڕانەوە و دیپۆرتکردنەوەی پەنابەرانی سوریا بۆ وڵاتەکەیان، بەتایبەتی لە لوبنان و ئوردن، کە لەم دواییانەدا فشارەکانیان بۆ سەر پەنابەران زیادیکردووە.