دەستەی دانوستانکار: بە بێ لێپرسینەوە لە “ئەسەد” و ئەنجامدەرانی تاوانەکان ئاشتی لە سوریا بەدەستنایەت
ئیدلیب – نۆرس پرێس
دوێنێ دووشەممە، سەرۆکی دەستەی دانوستانکار، بەدر جاموس، رایگەیاند، “هیچ ئاشتییەک لە سوریادا بەدەستنایەت بەبێ لێپرسینەوە لە بەشار ئەسەد و ئەنجامدەرانی تاوانەکان”.
ئەمەش لە میانی ئیڤێنتێکی ئۆنلایندا هات لە ژێر ناوی “لێپرسینەوە لە سوریا” سەبارەت بە گرنگی چالاککردنی پرەنسیپی لێپرسینەوە لە ئەسەد، کە لەلایەن یەکێتی ئەوروپا، تورکیا، ئەڵمانیا، ئەمریکا، بەریتانیا، هۆڵەندا، فەرەنسا و کەنەداوە سەرپەرشتی کرابوو.
جاموس گوتی: “ناتوانرێت ئاشتییەکی هەمیشەیی لە سوریادا هەبێت بەبێ ئەوەی لێپرسینەوە لەگەڵ ئەو کەسانە بکرێت کە بەرپرسیارن لە ئەنجامدانی تاوان”.
هەروەها داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد، هەموو جۆرە فشارێکی بخەنە سەر حکومەتی سوریا و هاوپەیمانەکانی، بەمەبەستی بەدیهێنانی لێپرسینەوە و ئازادکردنی دەستگیرکراوان و بێسەروشوێنکراوانی زۆرەملێ.
ناوبراو جەختی لەسەر گرنگی جێبەجێکردنی تەواوی بڕیارنامەی 2254ی ئه نجومەنی ئاسایش کردەوە بەمەبەستی “رێگەخۆشکردن بۆ بەدیهێنانی سوریایەکی دیموکراتی نوێ که مافەکانی مرۆڤی تێدا زامن بکرێت”.