بانگەشەی گەڕی دووهەمی هەڵبژاردن لە تورکیا دەستیپێکردووە
هەولێر – نۆرس پرێس
ئەنجومەنی باڵای هاڵبژاردنەکان لە تورکیا رایگەیاند، گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرککۆمار لە 28ـی ئایار بەڕێوەدەچێت و هیچ گۆڕانکارییەک لە ریزبەندی هەردوو بەربژێرکە لە کارتی دەنگدان ناکرێت.
لە دوێنێوە بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ رەجەب تەیب ئەردۆغان، بەربژێری هاوپەیمانێتی جمهوور و کەمال کڵچدارئۆغڵو، بەربژێری هاوپەیمانێتی میللەت دەستیپێکردووە.
بۆ یەکەم جار لە تورکیا، ئەو دەنگدەرانەی کە رۆژی 28ـی ئایار بۆ گەڕی دووەم دەچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان لە هەمان ناوەندی دەنگدان و بە هەمان کارتی زانیاری دەنگدەران دەنگدەدەن.
پرۆسەی دەنگدانی گەڕی دووەم لە دەروازە سنوورییەکان و دەرەوەی وڵات لە رۆژی 20ـی ئایارەوە دەستپێدەکات و دەنگدانی دەرەوەی وڵات لە 24ـی ئایار کۆتایی دێت.
وتاری بانگەشەی هەڵبژاردن لە رادیۆ و تەلەڤیزیۆنەکان لە 24ـی ئایارەوە دەستپێدەکات و لە کاتژمێر 18:00ـی رۆژی 27ـی ئایار کۆتایی دێت.
پێشبینی دەکرێت دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردن لە تورکیا دوای ماوەی تانەگرتن لە 1ـی حوزەیراندا ئەنجامەکان رابگەیەنێت.
بەهۆی ئەوەی لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کۆمار هیچ بەربژێرێک زۆرینەی رەهای بەدەستنەهێنا، دیاریکردنی سەرۆککۆمار بۆ گەڕی دووەم مایەوە و پرۆسەی پەیوەست بە رۆژمێری هەڵبژاردنەکان کە ئەنجومەنی باڵای هەڵبژاردن دایناوە، بۆ گەڕی دووەم بەردەوام دەبێت.