هاتنی شاندێکی فەرمی سوریا بۆ سعودیە بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوە ئامادەکارییەکانی لوتکەی عەرەبی

دیمه‌شق – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ دووشەممە، 15ی ئایاری 2023، شاندێکی فەرمی سوریا گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی شا عەبدولعەزیز لە سعودیە بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکانی ئامادەکاری بۆ لوتکەی عەرەبی کە بڕیارە 19ی ئایاری 2023 بەڕێوەبچێت.

شاندەکەی سوریا پێکهاتبوون لە فەیسەڵ میقداد، وەزیری دەرەوە، بوترۆس ئەلحەلاق، وەزیری راگەیاندن، ئەیمەن سوسان، یاریدەدەری وەزیری دەرەوە و جەمال نەجیب، بەڕێوەبەری نووسینگەی وەزیری دەرەوە.

شاندی سوریا لە لایەن وەزیری دەسەڵاتداری وەزارەتی دەرەوەی سعودیە، مازن بن حەمەد ئەلحەملی و باڵیۆز سەلمان ئەلموتەیری لە بەشی پرۆتۆکۆل لە وەزارەتی دەرەوەی سعودیە پێشوازییان لێکرا.

میقداد، لەگەڵ گەیشتنی بە فڕۆکەخانەی جەددە، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، “ناونیشانی ئەم لوتکەیە کردەوەی هاوبەشی عەرەبییە و ئێمە بەوپەڕی پەرۆشییەوە چاوەڕوانی داهاتووین”.

ئاماژەی بەوەشکرد، “ئەمە دەرفەتێکی نوێیە بۆ ئێمە بۆ ئەوەی بە برا عەرەبەکانمان بڵێین کە چاومان لە رابردوو نییە، بەڵکو چاومان لە داهاتووە، چەندین پرس هەن کە دەبێت گفتوگۆیان لەسەر بکەین و هێزە عەرەبییەکانمان کۆبکەینەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیان، لەوانەش پرسی ململانێی عەرەبی و ئیسرائیل و پرسی کەشوهەوا”.

هەر ئەمڕۆ کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئابووری و کۆمەڵایەتی لەسەر ئاستی وەزارەت لە شاری جەددەی پایتەختی سعودیە بە بەشداری شاندێکی سوریا دەستیپێکرد، ئەمەش لە چوارچێوەی کۆبوونەوەکانی ئامادەکاری بۆ کارەکانی لوتکەی داهاتووی عەرەبی.