وەزارەتی بەرگری رووسیا رایگەیاند، کە موشەکێکیان خستووەتە خوارەوە

هەولێر – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ دوشەممە وەزارەتی بەرگری ڕوسیا ڕایگەیاند، موشەکێکیان خستووەتە خوارەوە، کە بەم دواییانە بەریتانیا ڕادەستی ئۆکرانیای کردووە.

لەبەیاننامەیەکدا، وەزارەتی بەرگری روسیا رایگەیاند، لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا، سیستەمی بەرگری ئاسمانی وڵاتەکەیان رێگری لە 7 موشەکی دژە ڕادار و موشەکێکی دور مەودا و 10 موشەکی (HIMARS) کردووە.

لای خۆیەوە، لە هەفتەی رابردووشدا بەریتانیا ڕایگەیاندووە، کە موشەکی “ستۆرم”ی دورمەودای بۆ ئۆکرانیا دابین کردووە و ژمارەیەک لەو موشەکانەیشی رادەستی سوپای ئۆکرانیا کردووە.

هەروەها ئاشکراشی دەکات کە بەم زووانە بە سەدان موشەکی دژە فڕۆکە و هێرشبەر رەوانەی ئۆکرانیا دەکات.

رەوانەکردنی ئەو موشەکانە بۆ ئۆکرانیا لەکاتێکدایە کە حکومەتی کیێڤ چەند مانگێکە ئامادەکاری بۆ دژە هێرش دەکات، کە ئامانج لێی دەرکردنی هێزەکانی ڕوسیایە لەو ناوچانەی کە داگیری کردووە.

جێی باسە لە ماوەکانی رابردوودا کۆشکی سەرۆکایەتی روسیا هۆشداریدا کە ناردنی چەکی نوێی بەریتانیا بۆ ئۆکرانیا، وێرانکاری زیاتر دروست دەکات.

لەوبارەیەوە گوتەبێژی سەرۆکایەتی ڕوسیا رایگەیاندووە، کە بەریتانیا ئاواتەخوازە خۆی بخاتە پێشەوەی ئەو وڵاتانەی کە بەردەوامن لە هاوکاریکردنی زیاتری ئۆکرانیا بە چەک، هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو گەیاندنانە کاریگەری بەرچاویان لەسەر ڕەوتی ململانێکان نابێت، بەڵام دەبێتە هۆی وێرانکاری زیاتر.