دووەمین پێشانگای کتێبی کوردی لە شاری قامیشلۆی رۆژئاوایی کوردستان دەستپێکرد

قامیشلۆ – نۆرس پرێس

ئەمرۆ دووشەممە، 15ی ئایاری 2023، چالاکییەکانی دووەمین پێشانگای کتێبی کوردی، لە شاری قامیشلۆی رۆژئاوایی کوردستان، کە لەلایەن دەستەی رۆشنبیری و هونەری بەڕێوبەرایەتی خۆسەرەوە رێکخراوە، دەستپێکرد.

 پێشانگاکە کە بڕیارە تاوەکو 17ی ئایار بەردەوام بێت، 12 هەزار و 140 کتێب لە ژێر 3 هەزار و 35 ناونیشان لەخۆدەگرێت، کە تایبەتن بە زمانەوانی، کولتووری، فیکری، ژینگەیی، مێژوویی، ئەدەبی، فەلسەفی، کتێبی پەیوەندیدار بە ژنان، کتێبی ئایینی.

 15ی ئایار کە ڕۆژی جەژنی زمانی کوردییە، هاوکاتە لەگەڵ دەرچوونی یەکەمین گۆڤاری کوردی بە ناوی “هاوار” لە دیمەشق پایتەختی سوریا لە ساڵی 1932، کە لە لایەن جەلادەت عەلی بەدرخانەوە چاپکراوە.

ئیلیا سلۆ، هاوسەرۆکی دەستەی رۆشنبیری و هونەری لە بەڕێوبەرایەتی خۆسەر، بە نۆرس پرێسی راگەیاند، “بەرێوبەرایەتی خۆسەر دەرفەتی بە نووسەراندا کە بە زمانی دایک کتێبەکانیان بڵاوبکەنەوە، چونکە پێشتر زمانی دایک (کوردی) پەراوێزخرابوو، نووسەران نەیانتوانی بەرهەمەکانیان بنووسن یان چاپ بکەن.”

 32 دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوە و دامەزراوەی رۆشنبیری و سەندیکاکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا بەشداری پێشانگاکە دەکەن، جگە لە نمایشکردنی کتێبی پارچەکانی دیکەی کوردستان.

توێژەر و شاعیری کورد، ساڵح حەیدۆ، کە یەکێکە لە بەشداربووانی پێشانگاکە بە  نۆرس پرێس رایگەیاند، “کاتی ئەوە هاتووە کورد و نەوەی نوێ شانازی بە فەرهەنگی خۆیان بکەن.