حکومەتی سوریا بۆ وەبەرهێنان لە وڵاتەکەی بانگهێشتی وڵاتانی عەرەبی دەکات

دیمه‌شق – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ دووشەممە، 15ی ئایاری 2023، محەمەد سامر خەلیل، وەزیری ئابوری و بازرگانی دەرەوە لە حکومەتی سوریا، داوای لە وڵاتانی عەرەبی کرد بەشداری وەبەرهێنان لە سوریا بکەن.

وەزیرەکە ئاماژەی بەوەدا، بەگوێرەی ئەوەی لەلایەن دەزگای فەرمی “سانا”ەوە بڵاوکراوەتەوە، لە میانی دەستپێکردنی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئابووری و کۆمەڵایەتی کۆمکاری عەرەبی لەسەر ئاستی وەزیرەکان لە جەددە، کە “دەرفەتی ئومێدبەخش و نوێ هەیە” لە ئاستی وەبەرهێناندا.

خەلیل گوتی: “سوریا ئامادەیە تاوتوێی رێگاکانی گەشەپێدانی هاوبەشی دوولایەنە و فرەلایەنە بکات بەشێوەیەک کە سوودی بۆ گەلانی عەرەبی ئێمە هەبێت.”

لای خۆیەوە محەممەد ئەلجەدعان، وەزیری دارایی سعودیە رایگەیاند: پێشوازی لە گەڕانەوەی سوریا بۆ نێو کۆمکاری عەرەبی دەکەین و بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە چاوەڕوانی کاری هاوبەشین لە بەرژەوەندی گەلانمان.”

هاوکات عەبدوڵڵا بن توق ئەلمەری، وەزیری ئابووری ئیمارات، جەختی لە پاڵپشتی تەواوی وڵاتەکەی بۆ هەوڵەکانی کردەوەی هاوبەشی عەرەبی کردەوە، کە ئامانج لێی پەرەپێدانی هاوکارییە لە بوارە جیاوازەکانی ئابووری و کۆمەڵایەتی لەگەڵ سوریا.

لە 7ی ئایاری ئەمساڵ، وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەبی، بڕیاریاندا بەشداری شاندەکانی حکومەتی سوریا لە کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی کۆمکاری دەوڵەتانی عەرەبی و سەرجەم رێکخراو و دەزگاکانی سەر بە خۆی دەستپێبکەنەوە، تاوەکو ئەو رۆژەی بڕیارەکە رادەگەیەندرا.

ئێوارەی رۆژی چوارشەممەی رابردوو، بەشار ئەسەد، سەرۆککۆماری سووریا بانگهێشتنامەیەکی لە لایەن سەلمان بن عەبدولعەزیز، شای سعودییەوە بۆ بەشداریکردن لە لوتکەی عەرەبی پێگەیشت.

بەشداریکردنی سوریا لە کۆبوونەوەکانی کۆمکاری عەرەبی و ڕێکخراوەکانی لە 16ی تشرینی دووەمی 2011 بە پشتبەستن بە کۆبوونەوەی بەپەلە و بە بڕیارێکی ئەنجومەنی کۆمکاری لەسەر ئاستی وەزاری هات.