بەھای لیرەی تورکی بۆ نزمترین ئاستی لەماوەی دوو مانگدا دابەزی

هەولێر – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ دووشەممە، دوای راگەیاندنی ئەنجامی بەرایی ھەڵبژاردنەکانی تورکیا بەھای لیرەی بۆ نزمترین ئاستی لەماوەی دوو مانگدا دابەزی، ھەر دۆلارێک بە نزیکەی 20 لیرەی تورکی لە بازاڕەکانی ئەو وڵاتەدا مامەڵەی پێوەدەکرا.

میدیاکانی تورکیا ئاماژەیان بەوە کردووە، بەھای لیرەی تورکی لە بەرامبەر دۆلار رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر دادەبەزێت و بەھاکەی لەدەستدەدات، بە یتایبەت دوای ئاشکرابوونی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی تورکیا، بەھای یەک دۆلار گەشتە 19.7 لیرەی تورکی، ئەوەش نزمترین ئاستی بەھای لیرەیە بەرامبەر بە دۆلار لە ماوەی دوو مانگدا.

لەمبارەوە بانکی جەی پی مۆرگان پێشبینی دەکات، بەهای لیرە بەرامبەر دۆلار زیاتر دابەزێت و دۆلارێک بگاتە 24 – 25 لیرەی تورکی. بانکی گۆڵدمان ساکسیش پێشبینیی کردووە لە 12 مانگی داهاتوودا لیرە 50%ی بەهاکەی بەرامبەر دۆلار لەدەست بدات.

ئەمەش لە کاتێکدایە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە بەهای لیرە 5%ی بەهاکەی بەرامبەر دۆلار لەدەستداوە.

دوێنێ لە سەرانسەری تورکیادا هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و پەرلەمان بەڕێوەچوو، لە دوێنێوە تا ئەمڕۆ جیاکردنەوەی دەنگەکان ئەنجام دەدرێت و بەپێی ئەنجامە بەراییەکان هیچکام لە هاوپەیمانێتییەکان نەیانتوانیوە دەنگی 50%+ 1 بەدەستبهێنن و بۆیە هەڵبژاردنەکان دەچنە گەڕی دووهەمیانەوە.