سینان ئەنجام یەكلایی دەكاتەوە

دیمه‌شق – نۆرس پرێس

سینان ئۆغان، کاندید بۆ پۆستی سەرۆکایەتی تورکیا، ئەمڕۆ دووشەممە، 15ی ئایاری 2023، مەرجەکانی خۆی بۆ پاڵپشتیکردنی کەمال کلیچدار ئۆغڵو لە خولی دووەمی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا ئاشکراکرد، دوای ئەوەی خۆی و رەجەب تەیب ئەردۆغان نەیانتوانی رێژەی 50 + 1 بەدەست بهێنن.

سینان ئۆغان كاندیدی سێیەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كە رێژەی نزیكەی 5%ی دەنگەكانی بەدەستهێناوە (بەگوێرەی ئاژانسەكانی ئەنادۆڵ ‌و ئەنكا)، گوتی:” هەوڵەكەی بۆ سەرۆكایەتی، ئەنجامی دەنگدانی گۆڕی”.

تورکیا خۆی بۆ خولی دووەمی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئامادە دەکات، دوای کێبڕکێیەک کە رەجەب تەیب ئەردۆغان پێشەنگی رکابەرەکەی کەمال کلیچدارئۆغڵو بوو، بەبێ ئەوەی سەرکەوتوو بێت لە دەستەبەرکردنی دەنگی پێویست بۆ پشتڕاستکردنەوەی سەرکەوتنەکەی لە خولی یەکەمدا.

سینان ئۆغان، کاندیدی “هاوپەیمانی ئاتا (ATA)”، رایگەیاند، هاوپەیمانی سەرەکی ئۆپۆزسیۆن نەیتوانی دەنگدەران بە توانای خۆی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی وڵات رازی بکات.

ناوبراو بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە، دەتوانێت لە هەڵبژاردنی دووەمدا پشتیوانی کلیچدار ئۆغڵو بکات “ئەگەر ئیمتیاز بە پارتی دیموکراتی گەلان نەکات” کە پشتیوانی لە مافەکانی کورد دەکات لە تورکیا.

ئاماژەی بەوەشکرد، “شەڕی تیرۆر و نیشتەجێکردنی ئاوارەکان، هێڵی سوورە و دیاری دەکات کە ئایا پشتیوانی ئەردۆغان دەکەین یان کیلیچدارئۆغڵو”.

ئەوەی كێشەی سەرەكی بۆ تەوافوقی سینان ئۆغان ‌و كلیچدارئۆغلۆ دروست دەكات رەنگە پەیوەندی كلیچدارئۆغلۆ بێت لەگەڵ پارتە كوردییەكاندا. 

بۆیە دوو هەفتەی داهاتوو پڕ دەبێت لە هەواڵی دانوستانی ئەم هاوپەیمانێتییە نەتەوەپەرەستە كە سینان سەرۆكایەتی دەكات، هاوپەیمانێتییەكی بچوك، بەڵام بۆ دۆخی ئێستا توركیا دەنگێكی گاریكەری هەیە.  

ئۆغان بەگوێرەی یاسای تورکیا کێبڕکێی سەرۆکایەتیی بەجێهێشتووە، بەمەش تەنها دوو رکابەری یەکەم دەچنە خولی دووەم، لەکاتێکدا بەگوێرەی میدیاکانی تورکیا رێژەی 5.2%ی بەدەستهێناوە.