پێدەرسن دوای ئێران و میسر و سعودییە سەدرانی هەریەک لە تورکیا و رووسیا دەکات
دیمەشق – نۆرس پرێس
گەیر پێدەرسن، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سوریا، ئامادەکاری دەکات بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەک لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا لە ئەنقەرە بۆ تاوتوێکردنی پێشهاتەکانی دۆسیەی سوریا، ئەمەش دوای ئەنجامدانی ئەو کۆبوونەوە چڕ و پڕانەی دێت لە سەردانەکەی ئەم دواییەیدا بۆ هەریەکە لە ئێران، ئوردن، میسر و سعودییە.
پێدەرسن لە رێگەی زنجیرە تویتێکەوە لە “تویتەر” رایگەیاند کە رۆژی یەکشەممە گفتوگۆی هەمەلایەنەی لەگەڵ ‘حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان’ی وەزیری دەرەوەی ئێران و ‘عەلی ئەسغەر خاجی’ی یاریدەدەری سەرەکی بۆ کاروباری سیاسی تایبەت و بەرپرسانی باڵای دیکە سەبارەت بە سوریا کۆتایی پێهێنا.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەماوەی رابردوودا لە پەیوەندیدا لەگەڵ بەرپرسانی رووسیا باسی دۆسیەی سوریای کردووە، دوای ئەوەی پەیوەندی هاوشێوەی لەگەڵ ‘فەیسەڵ بن فەرحان’ی وەزیری دەرەوەی سعودییە و ‘سامح شوکری’ میسری و ‘ئەیمەن سەفادی’ ئوردنی ئەنجامداوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی بەم نزیکانە بەدواداچوون بۆ خولی گفتوگۆکان لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا دەکات .
پێدەرسن گوتی: “هەڵسەنگاندنی ئێران بۆ پێشهاتە دیپلۆماسییەکانی ئەم دواییە لە سوریا و ناوچەکە و پشتیوانییەکانی بۆ دەستپێکردنەوەی کارەکانی لیژنەی دەستووری کە نەتەوە یەکگرتووەکان ئاسانکاری بۆ دەکات، بەرز دەنرخێنین، ئێمە بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە چاوەڕێی گفتوگۆین لەسەر ئەم پرسانە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای تورکیا، چونکە لەم دواییانەدا پەیوەندیمان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای رووسیاش هەبووە”.
ئاماژەی بەوەدا کە هەماهەنگی نێوان نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتانی بەڕێوەبەری دانوستانەکانی ئاستانە “گرنگە بۆ دەستپێکردنەوەی کارەکانی لیژنەی دەستوری و پێشخستنی پرۆسەی سیاسی.”
لە کۆتاییدا گوتی کە نەتەوە یەکگرتووەکان “بەردەوام دەبێت لە کارکردن لەگەڵ هەموو هاوبەشەکان – لایەنە سوری و عەرەبییەکان و ئەو وڵاتانەی کە دانوستانەکانی ئاستانە بەڕیوەدەبەن لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوادا- بۆ هەوڵدان بۆ دەستپێکردنی رێوشوێنی راستەقینەی متمانەدانان و پرۆسەیەکی سیاسی نوێکراوە”. بەگوێرەی بڕیارنامەی 2254ی ئەنجومەنی ئاسایش”.
دوێنێ یەکشەممە، پێدەرسن لەگەڵ ‘عەلی ئەسغەر خاجی’ یاریدەدەری باڵای وەزیری دەرەوەی ئێران گوتووێژی کرد و لەو گفتوگۆیەدا پێداچوونەوەیان بە دۆخی گۆڕەپانی سوریا و بەتایبەت کۆبوونەوەی چوارقۆڵی وەزیرانی دەرەوە لە مۆسکۆ کرد.