نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری سووریا سەردانی ئێرانی کرد
قامیشلۆ – نۆرس پرێس
گەیر پیدەرسن، نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری سووریا، ئەمڕۆ یەکشەممە، 14ی ئایاری 2023، سەردانی تارانی پایتەختی ئێرانی کرد بۆ تاوتوێکردنی قەیرانی سووریا و گرنگترین پێشهاتە ئەرێنییەکان کە لەم دواییانەدا روویانداوە.
بە گوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی ئیرنا، پیدەرسن لەگەڵ عەلی ئەسغەری خاجی، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری سیاسی کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکەدا ئەسغەری جەختیکردەوە لەسەر “ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و رێزگرتن لە سەروەری و یەکپارچەیی خاکی سووریا”.
خاجی گوتی: “پێشهاتە ئەرێنییەکان لە رووی پەیوەندییەکانی وڵاتانی عەرەبی لەگەڵ سووریا لە بەرژەوەندی و ئاسایشی گەلانی ناوچەکەدایە. “
لە بەرامبەردا پیدەرسن راپۆرتێکی سەبارەت بە هەندێک لەو رێوشوێنانەی لە سوریا گیراونەتەبەر پێشکەشکرد، لەوانە دەستپێشخەری “هەنگاو بە هەنگاو” بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سوریا.
لە کۆبوونەوەکەدا، دوایین پێشهاتەکانی گۆڕەپانی سوریا خرانەڕوو، بەتایبەتی ئەنجامی کۆبوونەوە چوارقۆڵییەکەی ئەم دواییەی مۆسکۆ کە لە 10ی ئایاری 2023، لە نێوان وەزیرانی دەرەوەی سوریا، ئێران،رووسیا و تورکیا ئەنجامدرا.