دیمەشق – نۆرس پرێس
رۆژی یەکشەممە، سەندیکای هونەرمەندانی سوریا ماتەمینی بۆ هونەرمەند و ئەکتەر محەمەد خەرماشۆی ڕایگەیاند، خرماشۆ لە تەمەنی 71 ساڵیدا دوای تووشبوونی بە نەخۆشی کۆچی دوایی کرد، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پرسەکەی لە شارۆچکەی بهلولییە لە گوندەوارەکانی لازقیە بەڕێوەچوو.
محەمەد خەرماشۆ بەشداری لە زنجیرە درامای بەناوبانگ “باب الحارە”دا کردووە، و لە بەشی چوارەم و پێنجەمیشدا وەک میوان دەرکەوتووە.
محەمەد خەرماشۆ لە دیمەشقی پایتەختی سوریا لەدایک بووە و لە ساڵی 1985 پەیوەندی بە سەندیکای پیشەیی کردووە، و بەشداری لە چەندین زنجیرەدا کردووە، وەک هەوا بەحری، شام شەریف – هەنگاوە سەختەکان، برایانی زەوی، نزار قەبانی، ئال بۆرکان، حەمام ئەلقیشانی و چەندین زنجیرەی تر.
خەرماشۆ بەشداری لە چەندین زنجیرەی کارتۆنیشدا هەبووە، لەوانە: هەیزم ئەلرەعد، سەیف ئەلنار، سڕ ئەلموقنع، و مغامرات فی جەزیرەت ئەلمەهجورە.
هەروەها، لە چەندین بەرهەمیشدا بەشداری هەبووە لەوانە، هێزی ئاسمانی و فۆرس سکواد و چیرۆکەکانی مام حەکیم و مغامرات کاسبەر و جۆنی کوێست و ناروتو و کلاسیک بابای.
ناوبراو، بۆ کاری دوبلاژکردنی بەرهەمی تەلەفزیۆنیش کەسێکی چالاک بووە، بۆیە بەشداری لە بەرهەمێکی بەناوبانگی تورکیدا بەناوی “نوور” کردووە، کە یەکێکە لە زنجیرە گرنگ و بەناوبانگەکانی تورکی.
خەرماشۆ لە جیهانی عەرەبیدا بە ڕۆڵی شۆڕشگێڕی ئازا ئەبو حەسەن ناوبانگی دەرکردبوو، کە لە فلیمێکدا دەردەکەوێت لەگەڵ کۆمەڵێک گەنج بەرگری لە وڵاتی سوریا بەرامبەر بە داگیرکەری فەرەنسی دەکات.