گرانی نرخ و نەمانی شەکر لە شاری حەلەب

حەلەب – نۆرس پرێس

سەرچاوەیەک لەیەکێک لە بازرگانەکانی شاری حەلەبەوە رایگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە، 14ی ئایاری 2023، شەکر لە بازاڕدا نەماوە، دوای ئەوەی نرخی هەر کیلۆیەک 9 هەزار لیرەی سوریی تێپەڕاندووە.

ئەو سەرچاوەیە کە پێی باشبوو ناوی ئاشکرا نەکرێت، بە نۆرس پرێسی راگەیاند، بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر بە لیرەی سوریی، شەکر لە فرۆشگا بچوکەکاندا نەماوە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ قۆرخکاریی بازرگانەکان کە کۆنترۆڵیان کردووە و دەستیان بەسەر نرخەکەدا گرتووە تاوەکو خواست لەسەری زۆربێت.

سەرچاوەکە جەختیشی کردەوە، “بازرگانانی جەب ئەلقبە ئەوانەن کە نرخەکان کۆنتڕۆڵ دەکەن، بەپێی جۆری ماددەکە، هەروەها شەکر خواستێکی زۆری لەسەر دەبێت لەگەڵ هاتنی وەرزی هاویندا، واتە بۆ زیادبوونی خواست لەسەر خواردنەوەکان و پیشەسازی مرەبا”.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکرد، دەستوەردانی حکومەت لە پاڵپشتیکردنی دانیشتووان بۆ پێداویستی خۆراک بەپێی پێویست نییە، هەروەها کۆمپانیای بازرگانی سوریای سەر بە حکومەت فرۆشتنی ئەو کەرەستەی لە ڕێگەی کۆگاکانییەوە راگرتووە، ئەمەش وایکردووە نرخی ئەو بەرهەمە لە بازاڕە ئازادەکاندا بەشێوەیەکی بەرچاو بەرز ببێتەوە.

بەرێوەبەرایەتی دابینکردن رێگری لە فرۆشیارانی تاکەکەسی دەکات لە مامەڵەکردن بە سەرپێچی نرخی بەشەخۆراک، ئەمەش دەبێتە هۆی زیادبوونی کەمی ماددەکە لە بازاڕەکان و کۆنترۆڵکردنی لەلایەن بازرگانەکانەوە، هەر فرۆشیارێکی سەرپێچیکار سزای زیندانیکردنی تاوەکو یەک مانگ و غەرامەکردنی بە بڕی یەک ملیۆن لیرە دەبێت، ئەمەش بەگوێرەی یاسای وەزارەتی بازرگانی ناوخۆ ژمارە 8ی ساڵی 2021.