پەروین بوڵدان: ئەمڕۆ لەم هەڵبژاردنەدا گۆڕانکارییەکی گەورە دروست دەبێت

هەولێر – نۆرس پرێس

پەروین بوڵدان، هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە وان دەنگیداو رایگەیاند، دەمێکە کاردەکەن بۆ ئەم ڕۆژە و هیودادارن دەنگی هاوڵاتیان بۆ ئاشتی و ئارامی تورکیا بێت.

بوڵدان لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسەکان، پاش دەنگدانی رایگەیاند “لە تورکیا گەڵێک ناحەقی رویداوە و هیوادارین ئەمڕۆ ببێتە هۆی کۆتاییهێنان بەو زوڵم و ستەمانەی کراون، سیستمێکی خراپ هەیە و دەبێت ئەمڕۆ ئەم سیستمەی لابەین و کۆتایی پێبهێنین”.

بوڵدان کە هاوکات سەرۆکی پارتی چەپی سەوزە، راگەیاند، “ماوەیەکی درێژە کاردەکەین بۆ هەڵبژاردن، بەگشتی ئەمڕۆ خەڵکی ئێمە لە تورکیا دەنگدەدەن، هیوادارم دەنگی هاوڵاتیان بۆ ئارامی و ئاشتی و دیموکراسی و دادپەروەی بێت”

ئاماژەی بەوشەکرد، “هیوامان بەم هەڵبژاردنە هەیە، دەمانەوێت هاوڵاتیان دەنگی خۆیان بۆ ئاشتی و ئارامی و برایەتی بدەن و دەنگەکانیان ببێتە مایەی خێر، چاوەڕوانین ئەمشەو قەدەری تورکیا بگۆڕدرێت، چاوی ئێمە لەسەر سندوقەکانی دەنگدانە بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامێکی باش و هیوایەکی گەورەمان هەیە هەرکەسێک کە لە تورکیا دەژی دەبێت ئەو هیوایەی هەبێت”.

پەروین بوڵدان باسی لەوەشکرد، “لە تورکیا سیستمێکی خراپ هەیە و دەبێت ئەمڕۆ ئەم سیستمە کۆتایی پێبهێنین بۆیە ئێمە دەنگی خۆمان دەدەین، داوای ئێمە و هیوامان ئەوەیە کە تورکیا ببێتە شوێنێکی ئارام و باوەڕ دەکەم ئەو بەدیبێت”.

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ پرۆسەی دەنگدان دەستیپێکرد بۆ هەڵبژاردنی سێزدەهەمین سەرۆککۆماری تورکیا و ئەندامانی پەرلەمانی تورکیا لە بیست و هەشتەمین خولی خۆیدا.