یەکەم گومانی ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکانی تورکیادا
دیمەشق – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ یەکشەممە، میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردەوە، کە یەکەمین گومانی ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیادا، بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە شاری گیرسون لە باکووری رۆژهەڵاتی تورکیا، بەدیکرا.
رۆژنامەی جمهوریەت لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر وێنەیەکی بڵاوکردەوە کە بە گوتەی خۆی یەکەم ساختەکارییە لە هەڵبژاردنەکاندا کە لەلایەن ئەنجومەنی باڵای هەڵبژاردنەکانەوە لە ناوەندی شاری گیرسون ئەنجامدراوە.
رۆژنامەکە وێنەی 100 لاپەڕەی دەنگدانی بڵاوکردەوە کە پێشوەختە لەلایەن ئەنجومەنی باڵای هەڵبژاردنەکانەوە مۆرکرابوو لە بەرژەوەندی رەجەب تەیب ئەردۆغان، کاندیدی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا.
ئاماژەی بەوەشکردووە، دوای رووداوەکە پارێزەران ناڕەزایەتی و هۆشدارییان پێشکەش کردووە بۆ ئەوەی لەکاتی ژماردن و ریزکردنی دەنگەکاندا رەچاو بکرێت.
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ پرۆسەی دەنگدان دەستیپێکرد بۆ هەڵبژاردنی سێزدەهەمین سەرۆککۆماری تورکیا و ئەندامانی پەرلەمانی تورکیا لە بیست و هەشتەمین خولی خۆیدا.