چوارچێوەی هەماهەنگی کۆبونەوەیەکی گرنگ لەگەل سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەنجام دەدات

هەولێر-نۆرس پرێس

ئەمڕۆ شەممە سەرکردەیەکی چوارچێوەی هەماهەنگی رایگەیاند، چوارچێوەی هەماهەنگی لە کۆبونەوەی داهاتوویدا لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق ژمارەیەک دۆسیەی گرنگ تاوتوێ دەکات کە یەکێک لەدۆسیەکان، گۆڕانکاری لەکابینەی حکومەتدا دەبێت.

تورکی عەتبی سەرکردە لە چوراچێوەی هەماهەنگی رایگەیاند، لەناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو چوراچێوەی هەماهەنگی بەئامادەبونی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبوونەوەیەکی گرنگ ئەنجام دەدات بۆ تاوتوێکردنی چوار دۆسیە کە یەکێکیان گۆڕانکاری چاوەڕوانکراوی وەزاری و بودجەی ساڵی 2023ی عێراق دەبێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، یەکێک لە دۆسیەکان کەمکردنەوەی رێژەی کورتهێنانی بودجەی 2023 دەبێت جگە لە دۆسیەی ئاو لە ژێر ڕۆشنایی ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو سەبارەت بە دابەزینی ئاستی ئاوی کۆگاکانی بەنداوەکان یەکێکیتر ئەوەیە کە گۆڕانکاری لە سێ وەزیردا دەکرێت، هەروەها پێداچونەوە بەئاستی سەرجەم کاروبارەکانی کابینەکەی سودانی دەکرێت.

تورکی عەتبی باسی لەوەشکرد، هەموو هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی پشتگیری لە بژاردەکانی گۆڕانکاری دەکەن بەپێی بنەمای هەڵسەنگاندنی هەمەلایەنە، کە نەرمی و دادپەروەری بە هەموو هەڵوێستەکان دەبەخشێت، تا ئێستاش ڤیتۆ لەسەر هیچ گۆڕانکارییەک لەلایەن هیچ لایەنێکی سیاسییەوە نییە.