نەسروڵڵا: گەڕانەوەی سوریا بۆ کۆمکاری عەرەبی سەرکەوتنێکی گەورەیە

دیمه‌شق – نۆرس پرێس

ئەمینداری گشتیی حیزبوڵلای لوبنانی گەڕانەوەی سوریای بۆ ئەندامێتی کۆمکاری دەوڵەتانی عەرەبی بە سەرکەوتنێکی گەورە دانا، هەڵوێستی وڵاتانی رۆژئاوای بە سەرۆکایەتی ئەمریکا شەرمەزار کرد، هاوکات جەختی لەسەر پێویستی گەڕاندنەوەی پەیوەندییەکانی لوبنان و سوریا بۆ دۆخی ئاسایی خۆی کردەوە.

نەسروڵڵا لە گوتارێکدا کە رۆژی هەینی، لە لایەن کەناڵە لوبنانییە نزیکەکانی حیزبوڵلای لوبنانی پەخشکرا، گوتی: “بانگهێشتی بەشار ئەسەد، سەرۆککۆماری سوریا بۆ بەشداریکردن لە لوتکەی کۆمکاری عەرەبی لە ریاز، پێویستە وەک سەرکەوتنێکی ئەخلاقی و سیاسی گەورە سەیر بکرێت.

هەر لە وتارەکەیدا، حەسەن نەسروڵڵا، ئەمەریکای بە دزینی نەوت و غازی سوریا تۆمەتبار کرد، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوان “پێداگرن لەسەر سەپاندنی گەمارۆ و جێبەجێکردنی سزاکان و هەوڵدەدەن رێگری لە نزیکبوونەوەی وڵاتانی عەرەبی لە سوریا بکەن”.

پشتگیری خۆی بۆ هەموو “پێشهاتە ئەرێنییەکان لە سوریا” دەربڕی، خۆی و پارتەکەی بە شایستەی وەرگرتنی “پیرۆزبایی” دەزانی بۆ هەر سەرکەوتنێکی ئەخلاقی و سیاسی و سەربازی حکومەتی سوریا.

نەسروڵڵا داوای لە لوبنان کرد پەیوەندییەکانی لەگەڵ سوریا بگەڕێنێتەوە، چونکە پێوایە گەڕانەوەی پەیوەندییەکان لە بەرژەوەندی لوبناندایە.

نەسروڵا باسی لە ماددەکانی ‌هوشبەر و کاپتاگۆن کرد کە دەسەڵاتدارانی دیمەشق و حیزبوڵڵای لوبنان تۆمەتبارن بە پەرەپێدانی، گوتی کە “تۆمەتەکان”ی قاچاخچییەکانی ماددە هۆشبەرەکان لە سوریا کە پەیوەندییان بە حزبوڵڵایەوە هەیە “درۆ و نادادپەروەری و بوختانن”.