کۆشکی سپی : ئەمەریکا بڕیاریداوە ئامادەیی سەربازی خۆی لە ئاوەکانی کەنداو بەهێزتر بکات

هەولێر – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ هەینی کۆشکی سپی پشتڕاستیکردەوە، کە ئەمەریکا بڕیاریداوە ئامادەیی سەربازی خۆی لە ئاوەکانی کەنداو بەهێزتر بکات، ئەوەش وەک وەڵامێک بۆ ئێران کە لەماوەی رابردودا دەستی بەسەر دو کەشتی نەوت هەڵگردا گرتووە.

جۆن کێربی، وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمەریکا رایگەیاند، وەزارەتی بەرگری زنجیرەیەک هەنگاو دەنێت بۆ بەهێزکردنی پێگەی بەرگریمان لە کەنداودا، وردەکاریەکان بۆ چەند رۆژی تر دواخراون.

ئەو بڕیارەی واشنتن دوای ئەوە هات کە لەماوەی رابردودا هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەستیان بەسەر دو کەشتی نەوت هەڵگردا گرت.

بەگوێرەی ئاژانسی بلومبێرگی ئەمەریکی، ئەمەریکا بەنیازە رۆژی شەممە 100 کەشتی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە دەریای کەنداودا جێگیر بکات.

جگە لە ئێران، ئەمەریکا نیگەرانە لە هەوڵەکانی چین بۆ فراوانکردنی پەیوەندییە سەربازی و ئەمنییەکان لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی کەنداودا، ئەو وڵاتانەی کە پشتیان بە ئەمەریکا بەستووە بۆ پێداویستییەکانی بەرگری.