کلیچدارئۆغڵو رووسیا بە دەستێوەردان لە هەڵبژاردنەکانی تورکیادا تۆمەتبار دەکات
هەولێر – نۆرس پرێس
کەمال کلیچدارئۆغڵو، کاندیدی ھاوپەیمانی میللەت بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا، رووسیای تۆمەتبارکرد بە پەنابردنە بەر “تەکنیکی ساختەکاری” لە بانگەشەی ھەڵبژاردنەکانی وڵاتەکەیدا.
چەند کاتژمێرێک پاش کشانەوەی “موحەرەم ئینجە” لە خۆکاندیدکردن بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی، کلیچدارئۆغڵو لە تویتەر نوسیویەتی، “رووسەکان لە پشت ئەو کردەوانەوەن کە دوێنێ لە دەستکاریکردن و مۆنتاژکردنی تۆمارەکاندا ئاشکراکران.”
کڵچدارئۆغڵو داوای لە روسەکان کرد دەست لە کاروباری وڵاتەکەیان وەرنەدەن، “ئەگەر دەیانەوێت دوای 14ی ئایار دۆستایەتیان بەردەوام بێت، ئەوان ھەمیشە لایەنگری دۆستایەتی و ھەماھەنگی بوون”.
دوێنێ پێنجشەممە، موحەرەم ئینجە، کاندیدی سەرۆکایەتی تورکیا، کشانەوەی خۆی لە رکابەرییەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی تورکیا راگەیاند، ئەوەش لەژێر فشاری ئەو ھەڵمەتەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە دژی بەرپاکرابوو و ھەندێ لایەنی تۆمەتبارکرد بە دەستکاریکردنی وێنەکانی.
کشانەوەی موحەرەم ئینجە، سەرۆکی پارتی نیشتیمانی ئۆپۆزسیۆن، کە بەمدواییانە لە ساڵی 2021دا دامەزرا، رەنگە چانسی پاڵێوراوی سەرەکی ئۆپۆزسیۆن، کەمال کلیچدارئۆغڵو زیاتر بکات، لە بەرامبەر سەرۆک کۆماری ئێستا، رەجەب تەیب ئەردۆغان.
ئینجە ئاماژەی بەوەشکرد، پارتەکەی لە کێبڕکێی پەرلەماندا دەمێنێتەوە، داوای لە لایەنگرانی کرد لە هەڵبژاردنی پەرلەماندا دەنگ بە پارتەکەی بدەن.
لە ماوەی پێشوودا و لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا، لیستەکەی ئەردۆغان ئەمریکایان بە دەستێوەردان لە هەڵبژاردنەکانی تورکیا تۆمەتبار کرد، ئەمەش هێمایەکە بۆ گرینگی پێدانی نێودەوڵەتی بە هەڵبژرادنەکانی تورکیا و بە گوتەی پاڵێوراوە رکەبەرەکان، کارەکە لە گرینگیپێدان دەرچووە و دەستێوەردانی ناراستەوخۆ دەکرێت.