داخستنی دەروازەی سنووری فیشخاپور – سێمالکا و شکستی ئەمریکا بۆ نێوەندگیری

قامشلۆ – نۆرس پرێس

دوێنێ پێنجشەممە، بەڕێوبەرێتی دەروازەی فیشخاپور لە هەرێمی کوردستان، دەروازەکەی بەرامبەر دەروازەی سێمالکا لە رۆژئاوای کوردستان، بە هۆکاری نادیار و تا کاتێکی نادیار، داخست.

بەڕێوبەرێتی دەروازەی فیشخاپور ئاگادارییەکی بۆ رێکخراوە ناحکومییە نێودەوڵەتییەکان ناردووە و ئاگاداری کردوونەتەوە کە تا ئاگادارکردنەوەیەکی دیکە دەروازەکە دادەخرێت.

دەروازەی سنووری فیشخاپور-سێمالکا – نۆرس پرێس

لە ئاگادارکردنەوەکەدا، کە وینەیەکی دەست نۆرس پرێسەوە کەوتووە، هۆکاری داخستنی ئەو دەوازەیە ئاشکرا نەکراوە.

سەرچاوەیەک لە دەروازەی سێمالکا رایگەیاند، ئاگادارییەکیان پێگەیشتووە بۆ داخستنی دەروازەکە بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی و پەیوەندی دیپلۆماسی، بەبێ ئەوەی لە وردەکاری زیاتر ئاگاداربکرێنەوە.

دوای چەند کاتژمێرێک لە داخستنی، سێ سەرچاوە بە نۆرس پرێسیان راگەیاند، نێوەندگیری ئەمریکا بۆ کردنەوەی دەروازەی فیشخاپور – سێمالکا بەڕێوەدەچێت.

سەرچاوەیەکی کوردی رایگەیاند، ناوبژیوانێکی ئەمریکی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و بەڕێوبەری خۆسەری، تاوتوێی دۆسیەی دەروازەکە دەکات، ناوەڕۆکی دیدارەکەشی لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستانی بە بەڕێوبەری خۆسەری گەیاندووە، بەبێ ئەوەی وردەکاری زیاتر ئاشکرا بکات.

لە لایەکی دیکەوە، سەرچاوەیەکی ئەمریکی رایگەیاند، “ماوەیەکە واشنتۆن هەوڵی چڕ دەدات بۆ ئاسانکاری رێکارەکانی پەڕینەوە”

بەڵام چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە، سەرچاوە ئاگادارەکان بە نۆرس پرێسیان راگەیاند، کە هەوڵەکانی نێوەندگیری ئەمریکا بۆ کردنەوەی دەروازەی فەیشخاپور – سێمالکا لە نێوان هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستان شکستی هێناوە و نەگەشتوون بە هیچ دەرئەنجامێک.

ئەو سەرچاوەیە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، ئاماژەی بەوەشکردووە، کە دوای شکستی هەوڵەکانی نێوەندگیری، لایەنی ئەمریکی رایگەیاندووە، پێویستە ئەو دوو پارتە کوردییە خۆیان کێشە هەڵپەسێردراوەکانیان چارەسەر بکەن.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: هۆشەنگ حەسەن – عەگید مشمش