نیویۆرک تایمز: رەنگە بەم زووانە تورکیا لە سەرکردەیەکی تاکڕەو رزگاری بێت، بەڵام هەر لە قەیراندا دەمێنێت

دیمه‌شق – نۆرس پرێس

رۆژنامەی نیویۆرک تایمز، ئەمرۆ پێنجشەممە 11ی ئایاری 2023، رایگەیاند، ئەگەر سەرۆکی ئێستای تورکیا لە هەڵبژاردنەکانی 14ی ئەم مانگە بدۆرێت، ئەوە ئۆپۆزسیۆن رووبەرووی قۆناغێکی سەختتر دەبێتەوە بەوپێی کە ساڵانێکە وڵاتەکەیان رووبەرووی چەندین قەیران بووتەوە، هەروەها پارتەکانی نێو دەسەڵاتی ئێستا بەردەوام دەبن لە وروژاندنی رق و کینە لە دژی کورد، بەهۆی نەبوونی بەرنامەیەکی بەهێز لەلایەن ئۆپۆزسیۆن بۆ سنووردارکردنی ئەو رق و کینەیە.

لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیا، کە بە یەکێک لە ئالۆزترین هەڵبژاردن لە مێژووی تورکیا دادەنرێت، کێبرکێی توند لە نێوان سەرۆکی هاوپەیمانی جومهور، سەرۆکی ئێستا، رەجەب تەیب ئەردۆغان و رکابەرەکەی، سەرۆکی هاوپەیمانی میللەت، کەمال کلیچدار ئۆغڵو بەردەوامە، راپرسییەکان دەریانخستووە کە رێژەی دەنگەکانی هەردوو کاندیدەکە لەیەک نزیکن، کلیچدارئۆغڵو بە جیاوازییەکی کەم پێش ئەردۆغان کەوتووە.

دکتۆر جیهان تۆگاڵ، مامۆستای کۆمەڵناسی لە زانکۆی کالیفۆرنیا بە رۆژنامەکە رایگەیاندووە، ئۆپۆزسیۆنی تورکیا هیچ کاتێک وەکو ئەمرۆ گەشبین نەبووە،

سەرەڕای تێپەربوونی ئۆپۆزسیۆنی لە ماوەی 20 ساڵی رابردوو بە چەندین قۆناغی سەختەوە، هەرگیز وەک ئێستا نەبووتە خاوەنی چەندین کارتی فشار لە دژی سەرۆک کۆماری ئێستا رەجەب تەیب ئەردۆغان.

توگال کە زۆر جار لەسەر سیاسەت و کۆمەڵگەی تورکیا بابەتی ئەکادیمی دەنوسێت، ئاماژەی بەوەشکردووە، دوای دابەزینی بەهای لیرە لە ساڵی 2018دا ئابووری تورکیا چووەتە دۆخێکی خراپ و هیچ کام لە سیاسەتە هەرەمەکییەکانی حکومەت نەیتوانیوە بیگەرێنێتەوە سەر رێرەوی خۆی، هەژاری لە نێو زۆربەی کۆمەڵگەی تورکیادا زیادبووە تەنانەت لە نێو لاینگرانی ئەردۆغانێش دا، هەروها ترس و نێگەرانی لە تاکرەوانەی ئەردۆغان پەرەی سەندوە.

رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، بوومەلەرزەی مانگی شوباتی رابردوو، تورکیای وێران کرد، بووە هۆی گیان لەدەستدانی زیاتر لە 50 هەزار و پێگەیاندنی زیانێکی زۆر بە ژێرخانی ناوچەکە، ئەمەش وەکو کۆتا بزماری لە تابوتی پارتیەکەی ئەرۆغان بووە.

ئەمەش لە کاتێکدابوو کە پارتەکەی ئەردۆغان وەک تاکە بژاردەی پاک سەیر دەکرا، بەڵام ئێستا راپرسییەکان دەردەخن کە دەنگدەرانی تورکیا رەنگە کۆتایی بە دەسەڵاتی 21 ساڵەی پارتەکەی ئەردۆغان بهێنن کە “دەسەڵاتخوازانە”یە.

بەڵام بەگوێرەی رۆژنامەکە، ئەگەر ئۆپۆزسیۆن سەربکەوێت، ئەوا رووبەرووی هەمان کێشە دەبێتەوە کە ساڵانێکە وڵاتەکەی لەبار بردووە و تەنانەت ئەگەر ئەردۆغانیش لە پۆستەکەی لاببرێت، پرۆژە سیاسیەکەی بەردەوام دەبێت، بۆیە نابێت ئۆپۆزسیۆن زۆر دڵخوشبێت.

نیویۆرک تایمز دەلێت، رەنگە تورکیا بەم زووانە لە سەرکردە خۆسەپێنەکەی رزگاری بێت، بەڵام هێشتا لە کێشەیەکی قووڵدایە.

ئەوەشی خستۆتەروو، دەنگدان دژ بە ئەردۆغان مایەی دڵخۆشییە، بەو پێیەی لە ماوەی زیاتر لە دوو دەیەدا، سەرۆکی ئێستای دەستی بە سەر دەسەڵاتدا گرتبوو، نەیارانی زیندانی کردووە و دادگاکانی پۆچەلکردبوو.

لەم ساڵانەی دواییدا لەگەڵ تێکچوونی ئابووری، پارتی دەسەڵاتدار (ئاک پارتی) و هاوپەیمانەکەی (مەهەپە) ئەجێندای ئایینی و نەژادی خۆیان پەرەپێداوە و باوەشیان بەرووی گروپە دژە ژن و لایەنگرەکانی توندوتیژیدا کردووەتەوە، ئەمەش بەو مانایەیە کە تێپەراندنی ئەو قۆناغەیە بە واتای لێدان لە ستەمکاری دێت.

ئەو نووسەرە هۆشداریی داوە لە پەنابردنی راسترەوی توندرەوی تورکیا بۆ سیاسەتی ناسنامە کە کاردانەوەی وێرانکەری هەیە، بە تایبەتی بۆ کورد، ژنان و کەمینە ئایینییەکان.

لە کۆتاییدا گوتی: “باشترین چارەسەر بۆ وڵامدانەوەی هەرەشەکانی راسترەوی توندرەوی تورکیا لە رێگەی هەبوونی بەرنامەیەکی یەکگرتوو دبێت، کە لەم قۆناغەدا ئەو بەرنامەیە لە بەردەستی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا نییە.”