هەولێر – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ پێنجشەممە، بە سەرپەرشتی بەڕێز مەسعود بارزانی و بە ئامادەبوونی ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیری هەرێمی کوردستان و بە میوانداریی دەیان شاندی باڵای نێوخۆیی و بیانی و دەیان کەسایەتی سیاسی کوردستانی و عێراقی و بیانی، لە بارزان یادگەی نیشتمانیی بارزانی دەکرێتەوە.
رێوڕەسمی کردنەوەی یادگەی نیشتمانیی بارزانی کاتژمێر 10:00ـی ئەمڕۆ بە پێشوازی لە میوانەکان دەستپێکرد، کە پێکهاتبوون لە سەرۆککۆماری عێراق، سەرۆکوەزیرانی عێراق و بەرپرسان و نوێنەری وڵاتان، پاشان لە کاتژمێر 11:00 تاجە گوڵینە دانرا، لەدوای دانانی تاجەگوڵینەش گەڕانێكی سەرکردەکان بەنێو مۆنیومێنتی بارزانی دا ئەنجام درا.
وابڕیارە رێورەسمەکە ئەمڕۆ و سبەیش بەردەوام بێت.
دوێنی، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گوتارێکدا لە رێوڕەسمی پێشوازیکردن لە میوانانی مۆزەخانەی نیشتمانی بارزانیدا رایگەیاند، مۆزەخانەی نیشتمانی بارزانی باس لە بەشێکی مێژووی خەڵکی ئێمە دەکات، کە لە کوێ دەستمان پێکرد و ئەمڕۆ گەیشتووین بە چی.

سەرۆکی حکومەت، گوتیشی: بارزان لە 100 ساڵی رابردوودا لانی کەم 16 جار وێران کراوە و لەگەڵ زەویدا تەخت کراوە.
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ د.لەتیف رەشید سەرۆککۆماری عێراق و محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیران و بەرپرسان و نوێنەرانی وڵاتان، بە مەبەستی بەشداریکردن لە رێوڕەسمی کردنەوەی مۆزەخانەی بارزانیدا، گەیشتنە ھەولێری پایتەخت.
هەروەها ژمارەیەک لێپرسراوانی دیکەی حکومی و حزبی عێراق و ھەرێمی کوردستان بەشدار بوون.
جگە لەمانەش چەندین هونەرمەندی کورد و بیانیش بەشدار بوون، لە نێویاندا هونەرمەند شڤان پەروەر.
میدیاکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە دیدی دامەزرێنەرانی ئەم یادگەوە رایانگەیاند،”یادگەی نیشتمانیی بارزانی دەیەوێت ببێت بە سەنتەری زانیاری و لێکۆڵینەوە تاکوو نەوەی داهاتوو ئەو ئازار و ناخۆشییانەی نەوەی پێشوو لە یاد نەکەن”.
هەووەها ئەوەشیان بڵاوکردەوە کە، یادگەکە سپارد نامەیەکە ئاماژە بە مانەوەی گەلی کورد دەکات و نامەیەکی بەردەوامی پێکەوەژیانن و ئاشتی پیشان دەدات.
سەردانیکەران و نووسەران دەتوانن لە رێژەیەکی بەرفراوانی سەرچاوەکان لە کتێبخانە و مۆزەخانەکە سوودمەند بن، لەگەڵ هەبوونی کتێبخانەیەکی ئەلیکترۆنی کە لە هەر شوێنێکی ئەم جیهانە بەردەست دەبێت.
هەر لەوێ شوێنی تایبەتی دابین کراوە بۆ سیمینار، کۆنفرانس، و پێشانگاکان، سەردانیکەران دەتوانن گەشتێک بکەن بەناو مێژوودا و لە هەمان کاتیشدا دەتوانن چێژ ببینن لە جوانی و دیزاینی مۆدێرنی یادگەکە کە ئاماژە دەکات بە سەرکەوتنی بەرخودانی سەدان ساڵەی گەلی کورد.