گرتنی زیاتر لە 8 ملیۆن حەبی هۆشبەر لە بارێکدا بەرەو سعودییە بەرێدەکرا
هەولێر – نۆرس پرێس
بەڕێوەبەرایەتی کۆنتڕۆڵکردنی ماددە هۆشبەرەکانی سعوودیە رایگەیاند، زیاتر لە 8 ملیۆن حەبی “ئەمفیتامین”ی ماددەی هۆشبەریان پووچەڵ کردەوە، کە لە بارێکدا بۆ کۆمەڵێک کەس دەنێردرا و لەنێویاندا هاوڵاتی سوری هەبوون.
ئەم ئۆپەراسیۆنە لە کاتێکدایە کە سعودیە داوا لە حکومەتی سوریا دەکات کە بەرەنگاری بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان ببێتەوە، لە بەرامبەردا هاوکاری دارایی پێشکەشی دەکات، بەپێی ئاژانسی رۆیتەرز.
لە ڕاپۆرتیکی ئاژانسی رۆیتەرزدا، کە لەم دواییانەدا بڵاوکرایەوە، ئاماژە بەوەکراوە، کە سعودیە 4 ملیار دۆلار پێشکەش بە حکومەتی ئەسەد کردووە لە بەرامبەر رێگریکردن لە بازرگانی نایاسایی، وەک هاوکارییەک بۆ زیانەکانی لە بەرامبەر راگرتنی ئەو بازرگانییە نایاساییەدا.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی کۆنتڕۆڵکردنی ماددە هۆشبەرەکانی سعوودیە رایگەیاند، هەشت ملیۆن و 280 هەزار و 78 حەبیان پووچەڵکردەوە کە لە بارێکی قاوەدا شاردرابوونەوە و بەرەو ریازی پایتەختی ئەو وڵاتە دەنێردرا.
هەروەها بەڕێوبەرایەتییەکە دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی لە ناوچەی ریاز راگەیاند کە بڕیاربوو ماددەهۆشبەرەکان وەرگرن، ئەوانیش دوو هاوڵاتی خاوەن رەگەزنامەی سوریین و ڤیزەی سەردانیان بەسەرچووە و دوو هاوڵاتی دیکەی پاکستانیش لەنێویاندا هەیە.
بەپێی راگەێنراوەکەی سعودیە، تۆمەتباران دەستگیرکراون، رێوشوێنی یاسایی سەرەتایی بەرامبەریان گیراوەتەبەر و رەوانەی داواکاری گشتی کراون.
بەڵام بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاماژەی بە سەرچاوەی بارەکە و شوێنی دەستبەسەرداگرتنی نەکردووە.