بلینکن و هاوتا بریتانیەکەی گەڕانەوەی سوریا بۆ کۆمکاری عەرەبی رەتدەکەنەوە

هەولێر – نۆرس پرێس

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و هاوتا بەریتانییەکەی، بڕیاری کۆمکاری عەرەبییان بۆ گەڕانەوەی سوریا بۆ ئەندامێتیەکەی بەبێ مەرج سەرکۆنە کرد، هاوکات هەڵوێستی وڵاتەکانیان نوێکردەوە بە رەتکردنەوەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ دیمەشق.

دوێنێ سێشەممە، جەیمس کلیڤەرلی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا و ئەنتۆنی بلینکن، هاوتا ئەمریکییەکەی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایانگەیاند، دژایەتی هەنگاوەکانی کۆمکاری عەرەبی دەکەن بۆ گەڕانەوەی سوریا بۆ ئەندامێتی لێی، سەرەڕای ئەوەی رایانگەیاند، کۆمکاری عەرەبی سەربەخۆیە لە بڕیارەکەیدا بۆ دیاریکردنی ئەندامەکانی.

ئەو دوو وەزیرە جەختیان لەوە کردەوە کە وڵاتەکانیان پەیوەندییەکانیان لەگەڵ “حکومەتی ئەسەد” ئاسایی ناکەنەوە، ئەگەر ئەو پلانەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گەڕاندنەوەی ئاشتی بۆ وڵاتەکە، دوای شەڕی ناوخۆی 13 ساڵە قبوڵ نەکات و پابەند نەبێت پێوەی.

بلینکن گوتی: ئێمە باوەڕمان بەوە نییە کە سوریا شایستەی وەرگرتنەوە بێت لە کۆمکاری عەرەبیدا.

کلیڤەرلیش گوتی:حکومەتی بەریتانیا هاوبەشی هەڵوێستی ئەمریکایە لەم ئاراستەیەدا.

ئاماژەی بەوەشکرد، “لەم بۆنەدا ئەمریکا و بەریتانیا بۆچوونێکی زۆر هاوشێوەیان هەیە”، ئاماژەیە بۆ ئەوەی شانشینی یەکگرتوو “زۆر نائاسودەیە لە وەرگرتنەوەی سوریا لە کۆمکاری عەرەبی”، بەڵام (وەک بلینکن گوتی) لە… کۆتاییدا بڕیارێکە دەگەڕێتەوە بۆ خۆیان”.

جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەگەر ئەم کارە هەڵبژێرن، مەرج هەیە، کە سەرەکیترینیان “هەندێک گۆڕانکاری بنەڕەتی لە دیمەشق و رژێمی ئەسەدەوە”.

بلینکن و کلیڤەرلی دەڵێن، هەر چارەسەرێک بۆ قەیرانی سوریا، دەبێت لەسەر بنەمای بڕیارنامەی 2254ی ئەنجومەنی ئاسایش بێت، کە لە ساڵی 2015 پەسەندکرا و هەنگاوەکانی دەخاتەروو، لەوانە ئاگربەستی هەمیشەیی، هاوکاری مرۆیی و پێشکەوتن بەرەو هەڵبژاردنی ئازاد و دادپەروەرانە.

ئەو دوو وەزیرە جەختیان لەوە کردەوە کە زۆر گرنگە سوریا جارێکی تر “نەبێت بە پەناگەیەک بۆ بەناو دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) کە بەشێکی زۆری وڵات و عێراقی دراوسێی داگیرکردبوو پێش ئەوەی تاڕادەیەکی باش لەو ناوچانە وەدەربنرێن”.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: هۆزان زوبەیر