رۆیتەرز: ریاز 4 ملیار دۆلار بە دیمەشق دەدات لەبەرامبەر راگرتنی بازرگانی کەپتاگۆن
دیمەشق – نۆرس پرێس
لە راپۆرتێکدا کە ئاژانسی رۆیتەرز ئەمڕۆ سێشەممە، بڵاویکردووەتەوە، هاتووە کە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی وڵاتانی عەرەبی بۆ کۆنترۆڵکردنی پەرەسەندنی بازرگانی ماددە هۆشبەرەکان لە سوریا لە بەرامبەر پەیوەندییەکی باشتردا، لەکاتێکدا دیمەشق بەم دواییە گەڕاوەتەوە بۆ کورسی کۆمکارەکە، ریاز 4 ملیار دۆلاری وەک قەرەبوو پێشکەش بە دیمەشق کردووە بۆ وەستاندنی بازرگانی کەپتاگۆن.
وەک ئاژانسەکە ، لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگاداری هەرێمییەوە دەڵێ، بە پشتبەستن بە خەمڵاندنەکانی بۆ بەهای بازرگانی ئەو ماددەهۆشبەرە، سعودیە 4 ملیار دۆلاری پێشکەش بە دیمەشق کردووە، هەروەها ئەو پێشنیازە لە سەردانەکەی شازادە فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی سعودیە بۆ دیمەشق خراوەتەڕوو.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، ئەو پارەیە وەک هاوکاری کشتوکاڵی پێناسە دەکرێت.
ئاژانسەکە لە زاری سەرچاوەیەکی سورییەوە بڵاویکردەوە، ریاز پێشنیاری کردووە بڕە پارەیەک وەک هاوکاری مرۆیی بدرێت، بەڵام باسی قەبارەی ئەو بڕە پارەیەی نەکردووە.
بەگوێرەی ئاژانسەکە، دوو سەرچاوەی رۆژئاوایی ئاگادار لە پەیوەندییەکانی عەرەب لەگەڵ سوریا لە راپۆرتەکەدا رایانگەیاندووە، قەرەبووکردنەوە پێویستە بۆ دوورخستنەوەی یەکە چەکدارەکانی سەر بە دەوڵەت لە بازرگانی کەپتاگۆن.
لە دۆسیەی پەیوەست بە بازرگانیکردن بە ماددەیهۆشبەری کەپتاگۆن، ئەمریکا و بریتانیا و یەکێتی ئەوروپا لە چەند هەفتەی رابردوودا سزای نوێیان بەسەر دیمەشقدا سەپاند، بە تایبەت کە سزاکان “ماهر ئەسەد”ی برای سەرۆکی سوریا و سەرۆکی فیرقەی چوارەمی سوپای سوریای گرتەوە، کە تۆمەتبارن بە ئاسانکاریکردن بۆ بەرهەمهێنان و بازرگانی کەپتاگۆن.
وادیارە کە پرسی راگرتنی بازرگانی کەپتاگۆن یەکێکە لە خاڵە دیارەکان یان مەرجەکان کە وڵاتانی عەرەبی لە ماوەی دانوستانەکاندا لەگەڵ حکومەتی سوریا تاوتوێیان کردووە بۆ گەڕاندنەوەی بۆ کۆمکاری عەرەبی.
یەکشەممەی رابردوو، وڵاتانی عەرەبی لاپەڕەکەیان نوێیان لەگەڵ ئەسەد هەڵداوە، بە ڕێگەدان بە گەڕانەوەی سوریا بۆ ناو کۆمکاری عەرەبی، ئەمەش بڕگەیەکی گرنگە لە چاکسازییە ناوچەییەکەدا سەرەڕای رەتکردنەوەی ئەمریکا و زۆربەی وڵاتانی رۆژئاوایی.
بەگوێرەی سێ سەرچاوەی ئاگادار لە کۆبوونەوەی یەکی ئایار عەرەب و سوریا، فەیسەڵ میقداد وەزیری دەرەوە بە هاوتاکانی راگەیاندووە، پێشکەوتن لە سنووردارکردنی کەپتاگۆن پەیوەستە بە فشاری عەرەبی لەسەر ئەمریکا بۆ سووککردنی سزاکان.
لە کۆبوونەوەکەدا کە وەزیرانی میسر، عێراق، سعودیە و ئوردن ئامادەی بوون، راگەێنراوێکیان بڵاوکردەوە، تیایدا سوریا رەزامەندی دەربڕیووە لەسەر هاوکاریکردن بۆ کۆتاییهێنان بە بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان و کارکردن لە ماوەی مانگی داهاتوودا بۆ دیاریکردنی بەرهەمهێنەران و گوێزەرەوەکانی مادەی هۆشبەر.
هەروەها ڕاپۆرتەکە بە پشتبەستن بە سەرچاوە ناوخۆیی و هەواڵگرییەکان ئاماژەی بەوەشکردووە، ئوردن وەک نیشانەی نیگەرانی قووڵی عەرەبەکان لەسەر ئەو بابەتە، رۆژی دووشەممە هێرشی ئاسمانی لە سوریا ئەنجامداوە و بازرگانێکی سوری ماددەی هۆشبەری کوشتووە و لە کارگەیەکیشی داوە کە پەیوەندی بە حزبوڵای لوبنانەوە هەیە.
بەڵام ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز نەیتوانیوە بە هیچ لێدوانێکی فەرمی هەردوولا ئەوەی باسکراوە پشتڕاستی بکاتەوە، بەو پێیەی رایگەیاندووە، دیمەشق و ریاز وەڵامی داواکارییەکانیان بۆ لێدوان وەرگرتن نەداوەتەوە.