ریاز دەست پێکردنەوەی کارەکانی نوێنەرایەتی دیپلۆماسی خۆی لە دیمەشق رادەگەیەنێت

دیمەشق – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ سێشەممە، 9ی ئایاری 2023، سعودییە دەستپێکردنەوەی ئەرکی دیپلۆماسی خۆی لە سوریا راگەیاند.

وەزارەتی دەرەوەی سعودیە لە راگەیەندراوێکدا کە ئاژانسی هەواڵی فەرمی وڵاتەکەی گواستووەتەوە، رایگەیاندووە،”بە پشتبەستن بەو پەیوەندییە برایانە کە گەلانی سعودیە و سوریا یەکدەخەن و لە پەرۆشی بۆ بەشداریکردن لە پەرەپێدانی کردەوەی هاوبەشی عەرەبی و کە ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا بەرز بکاتەوە و بەپێی بنەماکانی میساقەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵەی دەوڵەتانی عەرەبی،  دەست بە کارەکانی نوێنەرایەتی دیپلۆماسی خۆمان لە سوریادا دەکەینەوە”

سعوودیە پێشتر پێشوازی لە بڕیاری ئەنجومەنی کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی لەسەر ئاستی وەزاری کرد بۆ دەستپێکردنەوەی بەشداریکردنی سوریا لە کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی کۆمکاری.

هاوکات رۆژی چوارشەممەی رابردوو رۆژنامەی ئەلوەتەن کە نزیکە لە حکومەتی سوریا بڵاویکردەوە کە گەڕانەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان لەسەر ئاستی کردنەوەی کونسوڵخانەکان و دانانی دیپلۆماتکارانی نێوان سوریا و سعودیە لەم مانگەدا ئەنجام دەدرێت.

رۆژی 18ی نیسان، شازادە فەیسەڵ بن فەرحان بن عەبدوڵڵا، وەزیری دەرەوەی سعودیە بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە دیمەشقی پایتەختی سوریا.

ئەم سەردانە لە چوارچێوەی دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانی سوریا و سعودییەدا هات و ئەمەش دوای چەند رۆژێک لە سەردانەکەی فەیسەڵ  میقداد، وەزیری دەرەوەی سوریا بۆ جەددە  بوو.