بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر کرێی گواستنەوە لە نێوان شارەکانی رۆژئاوایی کوردستان بەرز دەکاتەوە
قامیشلۆ – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ سێشەممە، 9ی ئایاری 2023، بەڕێوەبەرایەتی گواستنەوە لە رۆژئاوای کوردستان، بڕیاریدا بە بەرزکردنەوەی کرێی گواستنەوەی نێوان شار و شارۆچکە.
نرخی کرێی گواستنەوەی نێوان شارەکانی قامیشلۆ و حەسەکە لە 4000 لیرەی سورییەوە (50 سەنت)، بۆ هەر سەرنشینێک، بۆ 6000 لیرەی سوری (80 سەنت) بەرزکرایەوە.
یەکێک لە شوفێرەکانی هێلی پاسی رێگای قامیشلۆ – حەسەکە، بە نۆرس پرێسی راگەیاند، “هۆکاری بەرزکردنەوەی کرێی گواستنەوە دوای ئەوە هات کە دۆلار بەربەستی 8500 لیرە تێپەڕاند، هەروەها بەهۆی ناسەقامگیری نرخەکەشی.
بەشێک لە شوفێرانی مینی پاس و تەکسی گواستنەوە کە لە نێو شارەکاندا کار دەکەن دەلێن، جگە لە ناسەقامگیری نرخی لیرە بەرامبەر دۆلار، بەرزبوونەوەی نرخی پارچەی یەدەگ و چاککردنەوەی ئۆتۆمبێلەکان، هەروەها نرخی سووتەمەنیش، هۆکارن بۆ ئەوەی نرخی گواستنەوە زیادبکرێت.
لەلایەکی دیکەوە، دانیشتوان ناوچەکانی رۆژئاوایی کوردستان و باکوری رۆژهەڵاتی سوریا پێیان وایە ئەم بەرزبوونەوە کاریگەری نەرێنی لەسەر ژیانیان دەبێت و دەبێتە بارگرانیەک بە سەر شانیانەوە، بەتایبەتی کە ئێستا نرخی زۆربەی کەلوپەلەکان لە بەرزبوونەوەیەکی بەردەوامدایە و هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵکەی رۆژئاوایی کوردستان بە داهاتێکی دیاریکراو و بە دراوی سوری (لیرە) موچە وەردەگرین.
لەماوەی چەند رۆژی رابردوو، لیرەی سورەیا دابەزینێکی مێژووی بەرامبەر دۆلار تۆمارکرد، ئێستا هەر 8500 لیرەی سوری بەرامبەر بە یەک دۆلاری ئەمریکییە، هاوکات موچەی فەرمانبەرانیش لە نێوان 200 هەزار بۆ 500 لیرەیە (30 بۆ 80) دۆلارە.