بەرپرسێک لە بەرێوبەرایەتی خۆسەر: نرخی گەنم “گونجاو” و “پاداشتبەخشە”
رەقە – نۆرس پرێس
بەرپرسێکی بەڕێوبەرایەتی خۆسەر، لە رۆژئاوایی کوردستان رایگەیاند، ئەمساڵ تەواوی بەرهەمی گەنم و جۆ لە جووتیاران دەکڕن، هەروەها ئەو نرخەی کە لەلایەن بەرێوبەرایەتی خۆسەرەوە بۆ گەنم و جۆ دانراوە بە “گونجاو” و “پاداشتبەخش” لەقەلەمدەدات.
ئەمڕۆ سێشەممە، 9ی ئایاری2023، بەڕێوبەرایەتی خۆسەر نرخی بەرهەمی گەنمی بە 43 سەنت بۆ هەر کیلۆیەک (نزیکەی 3700 لیرەی سوری) دیاریکرد، هەروەها نرخی کڕینی جۆ بە 35 سەنت بۆ هەر کیلۆیەک (نزیکەی 3 هەزار لیرەی سوری) دیاریکرد.
محەمەد دەخیل، هاوسەرۆکی دەستەی کشتوکاڵ و ئاودێری لە بەڕێوبەرایەتی خۆسەر رایگەیاند، دوای زنجیرەیەک کۆبوونەوە سەبارەت بە دەستنیشانکردنی نرخی گەنم و جۆ و بە لەبەرچاوگرتنی تێچووی تێکڕایی یەک دۆنم، بریاردرا نرخی گەنم و جۆ بە دۆلاری ئەمریکی بێت نەک لیرەی سوری، چونکە زۆربەی پێداویستیەکانی پرۆسەی بەرهەمهێنانی گەنم لە توو و دەرمان و سوتەمەنی بە دۆلار بووە.
پێشتر دەستەی کشتوکاڵ و ئاودێری، لیژنەکانی نێو حەوت بەڕێوەبەرایەتی راسپاردبوو بۆ پێشکەشکردنی پێشنیاز سەبارەت بە نرخدانانی بەروبوومی گەنم و جۆ.
دەخیل لە لێدوانێکدا بۆ نۆرس پرێس دەلێت: ” ئەوان تەواوی بەرهەمەکە لە جووتیاران دەکڕن”، نرخەکەشی بە گونجاو و وەسف کرد.
سەبارەت بەو دراوەی کە جووتیاران پارەی بەرهەمەکانیان پێ وەردەگرن، هاوسەرۆکی دەستەی کشتوکاڵ و ئاودێری وەڵامی نەدایەوە.
پێشتر جووتیاران بە نۆرس پرێسیان راگەیاندبوو، یەک کیلۆ گەنم نزیکەی 50 سەنت تێچووە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی بەرهەمی یەک دۆنم بە تێکڕا 350 کیلۆیە، بەو پێیەی زیاتر لە 150 دۆلاری تێچووە.
جووتیاران دەلێن، ئەو نرخەی کە لەلایەن بەرێوبەرایەتی خۆسەرەوە دانراوە “نائومێدکەر”ە، چونکە هیوایان خواست بەلای کەمەوە، نرخی یەک کیلۆ گەنم سەرو 50 سەنت بێت.
عەبدولحەمید عەلی، سەرۆکی یەکێتی جووتیاران لە رەقە، رایگەیاند، ئەگەر نرخی گەنم سەرو43 سەنتەوە بووایە، ئەو نرخی کەرەستەی دیکە بەرز دەبوو، بۆیە و بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی ژیانی هاوڵاتیانی ناوچەکە بریاریاندا کە نرخی گەنم 43 سەنت بێت.
بەگوێرەی زانیارییەکانی نۆرس پرێس، جووتیاران یەک تۆن تۆوی گەنم ئاسایی بە 400 دۆلاری ئەمریکی کریوە، هاوکات نرخی تۆوی باش گەیشتە 1000 هەزار دۆلار.