خێرۆ عه‌باس ئاماده‌یی ده‌ربڕی كۆنسێرت بۆ په‌نابه‌رانی رۆژئاوا له كه‌مپه‌كان سازبدات
سلێمانی-نۆرس پرێس
خێرۆ عه‌باس، هونه‌رمه‌ندی رۆژئاوای كوردستان به كارێكی باشی ده‌زانێت گۆرانییه فۆلكلۆرییه كوردییه‌كان له‌لایه‌ن هونه‌رمه‌ندانی نه‌ته‌وه‌كانی تره‌وه بوترێنه‌وه، وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ وتنه‌وه‌ی گۆرانی “كاڤوكێم” له‌لایه‌ن ئه‌ساڵه نه‌سری، هونه‌رمه‌ندی دیاری عه‌ره‌به‌وه.
له لێدوانێكدا بۆ نۆرس پرێس له په‌راوێزی ئه‌و كۆنسێرته‌ی ئێواره‌ی پێنجشه‌ممه‌ی رابوردو له هه‌ولێر به‌ڕێوه‌ی برد، خێرۆ عه‌باس وتی، وتنه‌وه‌ی گۆرانییه فۆلكلۆرییه كوردییه‌كان له‌لایه‌ن هونه‌رمه‌ندانی تره‌وه كارێكی باشه، به‌وپێیه‌ی ئێمه‌و عه‌ره‌ب و تورك و عه‌جه‌م دراوسێی یه‌كترین و ده‌بێ پشتیوانی له‌و كاره بكه‌ین.
وتیشی؛ “به‌ڵام پێویست به‌وه ناكات زیاد له پێویست ئه‌و بابه‌ته گه‌وره بكه‌ین.”
له به‌شێكی تری قسه‌كانیدا خێرۆ عه‌باس سه‌باره‌ت به سازدانی كۆنسێرت له كه‌مپه‌كانی په‌نابه‌ری هاوڵاتیانی رۆژئاوای كوردستان له هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌یی خۆی ده‌ربڕی و ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، هه‌ركات ئیداره‌ی كه‌مپه‌كان ئاماده‌ییان كرد بۆ رێكخستنی كۆنسێرت، ئه‌و ئاماده‌یی تێدایه.
ئه‌و هونه‌رمه‌نده سه‌باره‌ت به‌وه‌ی هونه‌مه‌ند تێكه‌ڵی كاری سیاسی بێت ئه‌وه‌ی خسته‌ڕو، “پێموایه هونەرمەند نابێت بچێته ناو سیاسەته‌وه، دەكرێت بە گۆرانیەک پشتگیری خۆی پیشان بدات، بەس ناکرێت ببێت به بەشێك لە سیاسەت.”
رۆژی پێنجشه‌ممه لە چوارچێوەی چالاکییەکانی “ماڵی میوزیکی زەهاوی” کە لە کۆتایی هەمو مانگێک سازدەکرێت، کۆنسێرتێک بۆ هونه‌رمه‌ندی رۆژئاوای كوردستان، خیرۆ عەباس به‌ڕێوه‌چو.
له‌و كۆنسێرته‌دا عه‌باس گوڵبژێرێک لە گۆرانییە کۆن و نوێیەکانی پێشكه‌شكرد.
خێرۆ عەباس، لە 1962 لە شاری قامشلۆی رۆژئاوای کوردستان لەدایکبوە، خوێندنی سەرەتایی، ناوەندی و ئامادەیی لە سوریا تەواو کردووە، لە ساڵی 1986وه لە ئەڵمانیا نیشتەجێبوە.
لە ساڵی 1989 دەستی بەکاری هونەری کردوەو له 1998 یەکەم ئەلبومی بەناوی”‘خەریبۆ” بڵاوکردوەتەوە، لە بەرهەمەکانیدا میوزیکی کلاسیکی کوردی و مۆدێرنی ئاوێتەکردوە.
خێرۆ عه‌باس له ئێستادا خاوه‌نی هه‌شت ئه‌لبومه بەناوەکانی خەریبۆ 1998، وەستیا بو 2001، ئاخین 2005، بارانا شەڤێ 2007، زۆرێ 2010، تو 2014، دلاڤا 2019 و دلنامە 2022.