وەزیری دەرەوەی تورکیا سبەی لە مۆسکۆ چاوی بە هاوتا سورییەکەی دەکەوێت
دیمەشق – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ سێشەممە وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، بڵاویکردەوە، کە مەولود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا، سبەی چوارشەممە، لە مۆسکۆی پایتەختی ڕووسیا چاوی بە فەیسەڵ میقداد هاوتا سورییەکەی دەکەوێت.
لەبەیاننامەیەکدا وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند، وەزیرانی دەرەوەی رووسیا و ئێران بەشداری کۆبوونەوه چوار قۆڵییەکه دەکەن، ڕێگه به ئاڵوگۆڕی بیروڕا له بارەی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندیەکانی نێوان تورکیا و سووریا دەدرێت.
ئەمڕۆ، خولوسی ئاکار، وەزیری بەرگری تورکیا ڕایگەیاند، بەبەشداری تورکیا و رووسیا و سوریا و ئێران ناوەندێکی هەماهەنگی سەربازی تورکی و سوری لە سوریا دادەمەزرێت.
ئەم دیدارەی نێوان وەزیرانی سوریا و تورکیا بە یەکەمین کۆبوونەوەی فەرمی دادەنرێت لە دوای سەرهەڵدانی شەڕی سوریا لە ساڵی 2011.