بازرگانەکان دەستیان بە قورخکردنی شەکر لە نێو بازارەکانی قامیشلۆدا کردووە
قامیشلۆ – نۆرس پرێس
لە شاری قامیشلۆی رۆژئاوایی کوردستان، بازرگان و خاوەن دوکانەکان شەکری نێو بازاریان قۆرخ کردووە، بەو هۆیەوە نرخی یەک کیلۆ شەکر بۆ 10 هەزار لیرە بەرزبۆتەوە و هاوڵاتیان بەئاسانی شەکریان دەست ناکەوێت.
ئەمەش لەکاتێکدا کە کۆمپانیای “نەورۆز”ی سەر بە بەرێوبەرایەتی خۆسەر یەک کیلۆ شەکر، بە نرخی 6500 لیرە دەفرۆشێت، بەڵام تەنها بەسەر کۆکەکانی خۆیدا دابەشی دەکات، نەک بەسەر دوکانەکانی نێو بازاردا.
هاووڵاتییان بە نۆرس پرێسیان راگەیاندووە، کۆمپانیای نەورۆز هەر 15 ڕۆژ جارێک 5 کیلۆگرام دابەش دەکات.
لە لێدوانێکی پێشوودا کارگێڕێکی کۆمپانیای خۆراک “نەورۆز” بۆ نۆرس پرێس ئاشکراکرد، هۆکاری کەمبوونەوەی شەکری لە نێو بازاڕەکانی شاردا گەڕاندەوە بۆ هەبوونی خواستێکی زۆر لەسەر ئەو بەرهەمە بە تایبەتی لە ماوەی جەژنی رەمەزاندا و بەتایبەتیش لەلایەن دوکاندارەکانی شیرینی.