ئیسرائیل سێ سەرکردەی “جیهادی ئیسلامی” لە فەلەستین دەکاتە ئامانج

دیمەشق – نۆرس پرێس

بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 13 کەس کوژراون کە سێ سەرکردەی بزووتنەوەی “جیهادی ئیسلامی” تێدا بوو و زیاتر لە 20 کەسیش برینداربوون، ئەمەش بەهۆی بۆردومانێکی ئیسرائیلەوە کە چەند ئامانجێکیان لە کەرتی غەززە کردە ئامانج، لەکاتێکدا سوپا سەرقاڵی بەهێزکردنی هێزی سەربازییە لە دەروازەکانی چوونە ژوورەوەی نابلوس.

ئیسرائیل هەڵمەتەکانی بۆ سەر غەززە دەستپێکرد و سەرکردەکانی جیهادی ئیسلامی کردە ئامانج کە تەلئەبیب دەڵێت پەیوەندی راستەوخۆیان بە هەڵدانی مووشەک بۆ ئیسرائیل لەم ماوانەی دواییدا هەیە، ئەمەش لە پاشخانی گیانلەدەستدانی “خزر عەدنان”ی زیندانیی مانگرتوو لە هەفتەی رابردوودا.

“سەرایا قودس”، باڵی سەربازی بزووتنەوەی “جیهادی ئیسلامی”، کوشتنی سێ لە سەرکردە باڵاکانی بزووتنەوەکەیان راگەیاند، ئەوانیش (جیهاد شاکر ئەلغانم، ئەمینداری ئەنجوومەنی سەربازی، خەلیل سەڵاح ئەلبەهتینی، ئەندامی ئەو بزووتنەوەیە لە ئەنجومەنی سەربازی و فەرماندەی ناوچەی باکوور و تاریق محەمەد عیزەدین، یەکێک لە سەرکردە سەربازییەکانی لە بەری رۆژئاوا).

بزووتنەوەکە بەڵێنیدا کە “وەڵامی کۆمەڵکوژییەکە بداتەوە” و ئەم وەڵامە “دواناکەوێت”.

وەزارەتی ناوخۆ لە ئیسرائیل رێنمایی بۆ هاوڵاتیان دەرکرد کە لە ماوەی دوو رۆژی داهاتوودا، رێگری بکەن لە گردبوونەوە و کارکردن لە شارۆچکەکانی دەوروبەری کەرتی غەززە و ناوچەی لاخیش و ناوەندی نەقب.

لە ئیسرائیل ئامادەکارییەکان بۆ ئەگەری وەڵامدانەوەی بەرفراوان لە کەرتی غەززەوە لە دوای کوشتنی ئەندامانی باڵای جیهادی ئیسلامی لە کەرتی غەززە بەردەوامن و هەر بۆیەش رێوشوێنی خۆپارێزی گیراوەتەبەر.

سوپای ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنەکانی غەززەیان بە “تیری بەرگری” ناونا.

جگە لەوەش ماڵپەڕە فەلەستینییەکان باسیان لەوە کردووە کە ئیسرائیل دەروازەی هاتوچۆی “ئەیرز” و دەروازەی بازرگانی “کەرەم ئەبو سالم”ی لەگەڵ کەرتی غەززە داخستووە، ئەمەش هاوکات بوو لەگەڵ ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی سوپای ئیسرائیل لە کەرتی غەززە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، هێزە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە لای باشوورەوە هێرشیان کردووەتە سەر شاری نابلوس، هەروەها تەقینەوەیەک لە ناوچەی شاری کۆن لەوێ روویداوە.

رادیۆی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند کە هێزەکانیان “لە ئێستادا ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنی لە نابلوس ئەنجام دەدەن.”

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: هۆزان زوبەیر