هێزەکانی عێراق دەست بەسەر بڕێک چەک و تەقەمەنی داعشدا دەگرن

هەولێر – نۆرس پرێس

دوینێ دووشەممە، هێزە عێراقییەکان لە سێ پارێزگای ئەو وڵاتە، دەستیان بەسەر بڕێکی زۆر چەک و تەقەمەنی و کەرەستەی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)دا گرت.

ئاژانسی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە راگەێنراوێکدا کە ئاژانسی هەواڵی عێراقی گواستویەتەوە، رایگەیاندووە، “ئەمڕۆ دووشەممە، دەست بەسەر میوانخانەکانی داعشدا گیرا، لە سێ پارێزگای جیاواز”.

ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، “لە چوارچێوەی هەوڵە ئەمنییە بەردەوامەکان و بەدواداچوونی زانیاریی هەواڵگری دروست، مەفرەزەکانی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی، بە هاوبەشی لەگەڵ هێزێکی سوپای عێراق و بارەگای پێشکەوتووی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، توانیان دوو میوانخانەی  داعش بدۆزنەوە”.

ئاماژەیان بەوەشکردووە، ئەو دوو میوانخانەیە تەقەمەنی و پشتێنیان تێدابوو کە ئامادەکراون بۆ تەقینەوە لە ناوچەی جەوەڵبۆر لە باشووری کەرکوک، راشیانگەیاندووە کە میوانخانەکانیان وێرانکراون و یەکێک لە تۆمەتبارەکانی داعش دوای ئەنجامدانی پشکنین لە ناوچەکانی نزیکەوە لێی دەستگیرکراون.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە “مەفرەزەکانی دەزگاکە لە پارێزگای دیالە توانیویانە میوانخانەیەکی داعش بدۆزنەوە لە یەکێک لە باخچە جێهێڵراوەکانی ناو گوندی ‘ئەحەیمەر’ی سەر بە قەزای بەعقوبە، کە (2) کیلۆگرام مادەی (TNT) و جلیکانێکی کە ماددەی 4C تێدابووە تێدابووە، هەروەها چەک و تەقەمەنیش، دۆزراونەتەوە”.

هەر بە گوێڕەی راگەێنراوەکە، تەقەمەنییەکان لە لایەن تیمێکی ئەندازیاریەوە مامەڵەیان لەگەڵ کراوە، هەروەها مەفرەزەکان دەستیان بەسەر کۆگایەکی تەقەمەنی سەر بە داعشدا گرتووە لە ناوچەی ‘ئەلجەزیرە’ لە قەزای ‘رەمادی’ کە چەک و کەرەستەی تەقەمەنی و ئامێری پەیوەندییەکانی تێدابووە.

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە رێکاری پێویست گیراوەتەبەر و کەلوپەلەکانی دەستبەسەرداگیراو رادەستی لایەنی پەیوەندیدار کراون.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: سەعد ئەلیازچی