هەولێر – نۆرس پرێس
ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، بەمەبەستی پەسەندکردنی بودجە، سبەینێ بڕیار لەسەر درێژکردنەوەی ماوەی یاسایی دانیشتنەکانی ئێستای ئەنجومەنی نوێنەران دەدرێت.
ئەمڕۆ دوشەممە ئیبتیسام هیلالی ئەندامی پەرلەمان عێراق رایگەیاند، سبەی سێشەممە یەکەم خولی ساڵی دوەمی یاسادانان کۆتایی دێت و بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەنی نوێنەران دەبێت سەرۆکایەتی ئەنجومەن ماوەی دانیشتنەکانی ئێستا درێژبکەنەوە تا ئەوکاتەی یاسای بودجە پەسەند دەکرێت.
ئاماژە بەودا، سبەی سێشەممە دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران لە دانیشتنێکدا بڕیار لەسەر درێژکردنەوەی ماوەی یاسادانانی دانیشتنەکان دەدات بۆ ماوەی مانگێک بەئامانجی پەسەندکردنی یاسای بودجە.
لە سەرەتای مانگی نیساندا ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق خوێندنەوەی یەکەمی بۆ ڕەشنوسی یاسای بودجەی فیدراڵی بۆ کۆماری عێراق بۆ ساڵانی دارایی (2023، 2024، 2025) تەواو کرد، پاش چەند رۆژێکیش دوای خوێندنەوەی دوەم، پرۆژەکە رەوانەی لیژنەی دارایی کرا بەمەبەستی ئامادەکردنی راپۆرت لەوبارەیەوە.